٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەمید ئاشتی كۆچەر: شوێنە ستراتیژییەكانی شنگال بە دەست هێزی پێشمەرگەوەن

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت، تەواوی شوێنە ستراتیژییەكانی شنگال لە دەست هێزی پێشمەرگەدان و ئەگەر شەوی بەسەردا نەهاتبووایە، دەتوانرا بە تەواوەتی ئازاد بكرێت، چونكە نێو قەزای شنگال لەلایەن تیرۆریستانەوە مینڕێژ كراوە، بۆیە ئازادكردنی تەواوی سەنتەری ئەو شارۆچكەیە دەكەوێتە کاتێک کە مەترسیی مین بۆ هێزەکانمان کەم ببێتەوە.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال عەمید (ئاشتی كۆچەر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە ئێستادا زۆر شوێنی ستراتیژیی شنگالیان كۆنتڕۆڵ كردووە و بووە شەو ئەگەرنا شنگالیان هەموو ئازاد دەكرد، بەڵام مین دانراوە و لە نزیک کاتدا تیمە ئەندازیارییەكان دێن و مینەكان هەڵدەگرن و شنگالیش بە تەواوی ئازاد دەكرێت.

(كۆچەر) دەشڵێت، لە زوممار تاوەكو شنگال ئازاد كراوە و داعش بەرگریی نەكردووە و تەنیا لەناو شنگال بەرگرییەكی لاوازیان كردووە، ئەگەر نا، توانای بەرگرییان نەماوە و ورەیان رووخاوە.

ئەو فەرماندەیە زیاتر گوتی، جگە لە هێزی پێشمەرگە هیچ هێزێكی دیكە بەشداریی لەو شەڕدا نەكردووە و هێزەكانی یەپەگە و پەكەكەیش، چەند گرووپێكی بچووك هەن و بە ژمارەیەكی زۆر كەم هەندێ جار لەگەڵ پێشمەرگە بەشدار دەبن، ئەگینا تەنیا هێزی پێشمەرگەیە لە ژێر ئاڵای بڵندی کوردستاندا بەشداریی لەو شەڕەدا دەكات.
پێوەست بە زیانەكان ئەو گوتی، شەش تەرمی داعش كەوتوونەتە بەردەستی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێك كە دۆشكەیەكی لەسەر بووە.

جەختیشی کردەوە، لەو هەڵمەتە قارەمانانەیەی پێشمەرگە، ئەگەر تەنیا یەك سەعات دنیا ڕووناكی مابایەوە، شنگال بە تەواوی ئازاد دەكرا، بەڵام شەوی بەسەردا هات، هەڵبەت رزگاركردنی لە نزیک کاتدایە.

(كۆچەر) راشیگەیاند، هێزی پێشمەرگە بەوپەڕی ورەبەرزییەوە پێشڕەوی دەكات و ئازادردنی شنگالیش بە تەواوەتی نزیكە و كۆتایی داعشە لە ناوچەكەدا.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار