پێشمەرگە، چیای شنگال و دوو ڕێگەی ستراتیژی و 2600کم چوارگۆشەیان ئازاد کرد.. داعش تێک شکاوە

شنگال-KDP.info- فەرماندە لە هێزی پێشمەرگە عەمید (هەكار ئامێدی) ڕایگەیاند، پێشمەرگە هەردوو رێگەی ستراتیژیی نێوان رەبیعە - سنوونێ و ڕێگای رەبیعە –زوممار و، ڕووبەری 2600کم خاکی کوردستان کە ژمارەیەک شارەدێ و گوند و چیای شنگالیشی بە تەواوی ئازاد كرد و داعشیش بە كۆمەڵ ڕادەكەن.
فەرماندە لە هێزی پێشمەرگە عەمید (هەكار ئامێدی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند، لە هەموو قۆڵێكەوە هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە و سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و تەنیا ئەمڕۆ چەندین گوندی رزگار كردوون، هەروەها داعش بەرگری ناكات و بەبێ شەڕ شوێنی خۆیان بەجێ دێڵن، چونكە ورەیان رووخاوە و بە كۆمەڵ رادەكەن.
زیاتر گوتی، لە ئێستادا رێگەی نێوان زوممار و رەبیعەیش كراوەتەوە، كە رێگەیەكی ستراتیژییە. هاوکات چیای شنگال بە تەواوی لە دەست پێشمەرگەدایە و لە تیرۆریستانی داعش پاک کرایەوە.
عەمید (هەكار) روونیشی كردەوە، هەر ئەمڕۆ رێگەی ستراتیژیی نێوان ڕەبیعە و سنوونێیش لە داعش پاك كراوەتەوە و لە ئێستادا لە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەدایە و رێگەكە كراوەیە.
بڵند ئیبراهیم




