لە شنگالەوە تا كۆبانی سەركەوتن بەردەوامە.. دەیان لاشەی تیرۆریستان لە كۆبانی كەوتوون
كۆبانی-KDP.info- رۆژنامەنووسێك لە رۆژئاوای كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لە كۆبانی چەندین خاڵی ستراتیژییان لە تیرۆریستانی داعش پاك كردەوە و بە دەیان تیرۆریست كوژراون و سەركردەیەكی داعشیش كوژراوە.
لەگەڵ سەركەوتنی گەورەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری زوممار و شنگال كە ئێستا پێشمەرگە بە ئاڵای كوردستانەوە لە نێو شنگالە، لە كۆبانییش پێشمەرگە قارەمانەكان و شەڕڤانان سەركەوتنیان تۆمار كردووە.
ڕۆژنامەنوسێك لە رۆژئاوا ڕایگەیاند كە، ئەمڕۆ هێزەكانی پێشمەرگە و یەكینەكانی پاراستنی گەل توانیویانە چەندان خاڵ لە تیرۆریستانی داعش پاك بكەنەوە و چەندان تیرۆریستی داعشیش بكوژن.
ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژئاوای كوردستان (كوماس شەهبازی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە درێژەی ئەو سەركەوتنانەی كە هێزەكانی پێشمەرگە لە باشووری كوردستان تۆماری دەكەن، ئەمڕۆیش لە كۆبانی لە هەڵمەتێكی شەڕڤان و هێزەكانی پێشمەرگەدا، توانیویانە چەندان خاڵی گرینگ لە باشووری ئەو شارە لە تیرۆرستانی داعش پاك بكەنەوە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە دەیشڵێت، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا زیاتر لە 16 تیرۆریستی داعش كوژران و یەكێكیش لە كوژراوەكان گەورەبەرپرسێكی داعشە و لاشەی 8 تیرۆرستیش لە ژێردەستی شەڕڤانان و پێشمەرگەدان و یەكێك لە لاشەی تیرۆریستانیش بە ناوی (ئەبو سەهرا)ـیە كە فەرماندەیەکی داعشە.
(شەهبازی) زیاتر گوتی، چەك و تەقەمەنییەكی زۆر كەوتووەتە دەستی شەڕڤانان و پێشمەرگە لە باشووری رۆژهەڵاتی كۆبانییش شەڕ بە د ژواری بەردەوامە.
ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەیشی دا، هێزەكانی پێشمەرگەیش لە بۆردوومانكردنی خاڵەكانی تیرۆریستانی داعش بەردەوامن.
بە گوێرەی زانیارییەكانیش بە دەیان لاشەی تیرۆریستان لە كۆبانی كەوتوون كە هێزە قارەمانەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانان توانیویانە پێشڕەوی بكەن.
نەشوان بەرزنجی




