د. نووری عوسمان: 45 تۆن پێداویستیمان ڕەوانەی چیای شنگال كرد

دهۆك-KDP.info- نوێنەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئاوارەكان دەڵێت، ئەمڕۆ دەستیان كردووە بە رەوانەكردنی 45 تۆن خواردن و هەندێ لە پێداویستیی دیكە بۆ ئەو ئاوارانەی كە تا ئێستا لەسەر چیای شنگال ماون.
دوای ئەوەی كە لەلایەن هیزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەوە رێگەی چیای شنگال لە ئۆپەراسیۆنێكی گەورە و گورزوەشێندا لە تیرۆریستانی داعش كرایەوە، نوێنەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئاوارەكان (د. نووری عوسمان) گوتی، 45 تۆن خواردن و 5 ترێلە لە پێداویستیی ئاوارەكانیان وەك دۆشەك، پێڵاو، بۆ ئەو ئاوارنەی لە چیای شنگال مابوون، رەوانەی كرد.
پێوەست بە رەوانەكردنی پێداویستی و خواردن بۆ ئاوارەكان (د.نووری عوسمان) رایگەیاند كە، 45 تۆن خواردنەكە پێك هاتووە لە، برینج، ساوار، زەیت و هەندێ خواردنی دیكە. هەروەها بڕێك كەلوپەلی دیكەیش كە پێك هاتوون لە دۆشەك، بەتانی، جلوبەرگ و هەندێ پێداویستیی دیكە.
بە گوێرەی زانیاریی (د. نووری)، نزیكەی 8 هەزار ئاوارە لەسەر چیای شنگال مابوون كە لە ئێستادا هاوكارییان بۆ رەوانە دەكەن تا ئەوانیش بە تەواوی لەسەر چیا دەهێنرێنە خوارەوە، بەردەوام دەبن لە رەوانەكردنی هاوكارییەكان.




