نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان: (مالیکی) لە كەوتنی مووسڵ و شكستی سوپای عێراق بەرپرسیارە

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە نووسینگەی (سەرۆك بارزانی) ڕایدەگەیەنێ، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق(مالیکی) لە كەوتنی مووسڵ و شكستی سوپای عێراق بەرپرسیارە و ناتوانێ بە لێدوان و ڕاگەیاندراوی نادروست شكست و بەرپرسیارێتیی خۆی دابپۆشێت. وەک سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکە جەختی لێ دەکاتەوە، لەو ماوەیەدا هەرچیی نەهامەتی و ناسەقامگیری و قەیران كە بەسەر خەڵكی عێراقدا هاتووە و هەروەها شكستە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكانی عێراق، ئەوە سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق و دەورووبەرەكەی لێی بەرپرسیارن.
دەقی لێدوانی ڕۆژنامەوانی لە نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:
نووسینگەی ڕاگەیاندنی نووری مالیكی جێگری سەرۆككۆماری عێراق لە ڕاگەیێندراوێكدا كە لە ڕێكەوتی 18ـی 12ـی 2014 بڵاو كراوەتەوە، باسی ئەوەی كردووە كە سەبارەت بە دروستبوون و جموجۆڵ و هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش بەر لە كەوتنی مووسڵ لە حوزەیرانی ڕابردوو سەرۆك بارزانی بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق نەكردووە.
لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقی لە مەترسیی دروستبوونی داعش و هەڕەشە و جموجوڵەكانیان لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و شاری مووسڵ ئاگادار كردووەتەوە و پێی ڕاگەیاندووە كە، هەرێمی كوردستان ئامادەیە بەهۆی ئۆپڕاسیۆنێكی هاوبەش یارمەتیی هێزەكانی عێراق بدات بۆ ئەوەی ڕێگە لە گەشە و بەهێزبوونی تیرۆریستان لەو ناوچەیەدا بگیرێت. بەڵام سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق ئەم ئاگاداركردنەوە و پێشنیازەی سەرۆك بارزانی بە هەند وەرنەگرت و گوێی لێ نەگرت. بەڕێز سەید عەمار حەكیم و د. ڕۆژ نووری شاوێس جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و باڵیۆزی ئەوكاتی ئەمەریكا لە عێراق شاهیدی ئەوەن كە، سەرۆك بارزانی لە ڕێی ئەوانەوە سەرۆكوەزیرانی عێراقی لەو مەترسییە ئاگادار كردووەتەوە.
سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق لە كەوتنی مووسڵ و شكستی سوپای عێراق بەرپرسیارە و ناتوانێ بەمجۆرە لێدوان و ڕاگەیاندراوانە شكست و بەرپرسیارێتیی خۆی دابپۆشێت. لەو ماوەیەدا هەرچیی نەهامەتی و ناسەقامگیری و قەیران كە بەسەر خەڵكی عێراق هاتووە و هەروەها شكستە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكانی عێراق ئەوە سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق و دەورووبەرەكەی لێی بەرپرسیارە.
سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە نووسینگەی سەرۆك
20-12-2014




