٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەمید ئەفەندی: داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بێئومێد بوونە

سەرچاوە: KDP.info

باشیک-KDP.infoـ  فەرماندە و بەرپرسی قۆڵی باشیک دەڵێت کە دوێنێشەو، مۆڵگەکانی داعشیان چاک کوتاوە و، زیانی زۆریان پێ گەیاندوون؛ داعش لەو سنوورەدا زۆر بێھێز بوونە و، ئێستا وا خەریکن لە ناو مووسڵدا شوێنی خۆیان قایم دەکەن، چونکە لە ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بێئومێد بوونە.

فەرماندە و بەرپرسی قۆڵی باشیک (حەمید ئەفەندی) وای بە ماڵپەڕە فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "داعش لە بەرامبەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، لە 12شوێندا سەنگەریان لێ دابوو؛ چەند ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکاندا، زیانی زۆرمان پێ گەیاندن، بەڵام زانیاریمان پێ گەیشتووەتەوە کە لە پێرێوە هاتوونەتەوە بۆ ھەندێک لەو شوێنانە؛ جا بۆیە دوێنێشەو دیسان زانیاریمان دایەوە فڕۆکە جەنگییەکان و، بۆردومانیان کردنەوە؛ زیانی زۆریان پێ کەوتەوە و، شوێنەکەیان بە یەکجاری خاپوور کراوە؛ مەگەر چۆناوچۆن بێ، ئەگینا ئەوەی لەوێ بووبێ کوژراوە، چونکە فڕۆکە خاڵ بە خاڵ شوێنەکەیان کوتاوە."

(حەمید ئەفەندی) گوتیشی: "داعش لەو سنوورە زۆر بێھێز بووە؛ هەر ئەوەندەیە جارجارێ خۆیان بە دیار دەخەن بۆ ئەوەی بڵێن هیشتا لێرەینە، ئەگینا ورەیان ڕووخاوە و، لە ترسی ھێرشی ئێمە لە دەوروبەری مووسڵدا خەندەق لێ دەدەن، بەشکەم لەناو مووسڵەوە بەرگری بکەن."

فەرماندە و بەرپرسی قۆڵی باشیک ڕوونیشی کردەوە کە زانیارییان پێ گەیشتووە کە داعش بەنیازن پردەکانی ناو مووسڵیش بتەقێننەوە؛ "خۆی ئێمە لە هەموو قۆڵەکانی تر نزیکترین لە مووسڵەوە، بۆیە هەرکە فەرمانمان پێ بکرێ، دەستبەجێ دەگەینە مووسڵ و، وا چاوەڕوانی فەرمانین."

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار