فەریق بابەكر زێباری لە ڕێی KDP.infoـوە پیرۆزبایی سەرکەوتن لە سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە دەکات

بەغدا-KDP.info- سوپاسالاری عێراق فەریق (بابەکر زێباری)، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی (سەرۆک بارزانی) و تەواوی پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی کوردستان دەکات کە، دوێنی لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا، هێزەکانی پێشمەرگە توانییان چەندین ناوچەی ستراتیژیی میحوەری رۆژئاوای دیجلە و شنگال ئازاد بکەن.
سەرۆكئەركانی سوپای عێراق فەریق (بابەکر زێباری) پێوەست بەو سەركەوتنە مەزنەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان کە دوێنێ لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا لە دەڤەری زوممار و شنگال تۆماری کرد، لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە (سەرۆک بارزانی) و خەڵكی كوردستان و تەواوی پێشمەرگە قارەمانەكان کرد و دەڵێت، "پیرۆزبایی لە (سەرۆك بارزانی) سەرۆکی هەرێمی كوردستان دەكەم بە تایبەت كە ماوەی 4 مانگە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سەنگەرەكانی پێشەوەیە و، لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا راستەوخۆ لە تەواوی میحوەرەكاندا بەشدارە".
فەریق (بابەکر زێباری) گوتیشی: "سەركەوتنی مەزنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە و، پاكکردنەوەی رووبەرێكی زۆری دەڤەری زوممار و شنگال و شكستی تیرۆریستانی داعش لەو سنوورانە، سەركەوتنێكی مەزنە بۆ خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان."
سەرۆكئەركانی سوپای عێراق، دەیشڵێت: "بە بۆنەی ئەو سەركەوتنە مەزنەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، بەناوی خۆم و هەموو لایەنە پێوەندارەكانەوە پەیاممان ئاراستەی خەڵكی كوردستان و جەنابی (سەرۆك بارزانی) تەواوی پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین، گەشبینین هەروەك جەنابی (سەرۆك بارزانی) رایگەیاند، كە یەك گوندی كوردستان نامێنێتەوە لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدا بێت، گەشبینیشین بە ئیرادەی خەڵك و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە یەك گوند نامێنێتەوە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش و هەموویان پاك دەکرینەوە و خەڵكی كوردستان بە ئارامی و شادی لە دەڤەرەكانی خۆیان بە ئاسووەیی ژیان دەگوزەرێنن."




