گولەنی نەیاری ئەردۆغان بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرا

ئانکارا-KDP.info- دادگای تورکیا، ئەمڕۆ هەینی، بڕیاری دەستگیرکردنی پیاوە ئایینەکەی تورکیا(فەتحوڵڵا گولەن) دەرکرد، کە لە دۆستی ڕژێمی تورکیاوە بوو بە نەیاری ئێستای سەرۆککۆمار (ئەردۆغان)؛ حکوومەتی ئەو وڵاتەیش دەڵێ (گولەن) بە نهێنی پلانی ڕووخاندنی ڕژێمی داڕشتووە.
وەک ئەوەی کەناڵی تی ئاڕ تیی تورکیایی بلاوی کردەوە، ئەمڕۆ هەینی 19ـی دێسەمبەری 2014، بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ بانگخواز و پیاوی ئایین(فەتحوڵڵا گولەن) دەرکرا، کە هەوڵی ڕووخاندنی ڕژێمی تورکیا و لەکارلادانی (ئەردۆغان) تۆمەتبار کراوە.
(گولەن) لە ساڵی 1999ـوە لە بنسلڤانیای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەژیێ، ئەو لەگەڵ سەرۆککۆمار(ئەردۆغان)ـدا کێشەی هەیە، ئەمەیش پاش ئەوە دێ کە، دۆسێی گەندەڵی بۆ کەسانی دەوری (ئەردۆغان) کاتێک کە سەرۆکوەزیران بوو، کراوەتەوە.
تەلەڤزیۆنی تی ئاڕ تیی تورکیا هەروەها بڵاوی کردووەتەوە کە، (گولەن)ـی 73 ساڵ، وەها تۆمەتبار کراوە کە "سەرۆکی ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە."
زریان زیاد




