٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەورەترین هاوکاریی مرۆیی ڕەوانەی چیای شنگال دەکرێ.. بە راسپاردەی سەرۆک بارزانییە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  لەسەر راسپاردەی (سەرۆک مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان و، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی (مەسروور بارزانی)، دەزگای خێرخوازیی بارزانی (30) بارهەڵگری خواردن و کەلوپەل و سووتەمەنی و خێوەت و دۆشەک و بەتانی و پێداویستیی دیکە، ڕەوانەی سەر پەنابەرانی چیای شنگال دەکرێ.

پاش ئازادکردنی چیای شنگال لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، رێگای وشکانی بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ پەنابەرانی سەر چیاکە کرایەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ لەسەر راسپاردەی (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی (مەسروور بارزانی)، دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەورەترین هاوکاری و یارمەتیی مرۆیی رەوانەی سەر چیای شنگال دەکرێ.

جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (مووسا ئەحمەد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، "لەسەر راسپاردەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی (مەسروور بارزانی) ئەمڕۆ و سبەی گەورەترین کاروانی هاوکاری مرۆیی دەگەیەنینە سەر چیای شنگال و بەسەر پەنابەرانی چیاکەدا دابەشی دەکەین."

(مووسا ئەحمەد) گوتیشى: "ئێستاکە رێگای وشکانیی سەر چیاکە کراوەتەوە و تەواوی سنوورەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندایە، بۆیە کرانەوەی رێگای وشکانی وا دەکات هاوکاری و یارمەتیی زیاتر رەوانەی پەنابەرانی سەر چیاکە بکەین."

لەدرێژەی لێدوانەکەیدا جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تیشکی خستە سەر کۆمەک و یارمەتییەکان و رایگەیاند: "لەژێر چاودێریی راستەوخۆی جەنابی (مەسروور بارزانی) ئەمڕۆ و سبەی (30) ترێلە خۆراک و پێداویستی بەرەو چیای شنگال بە‌ڕێ‌دەکەون، پێداویستییەکانیش بریتین لە (خواردن، شیر و پێداویستیی منداڵان، کەلوپەلی ناوماڵ، کەلوپەلی منداڵ و ئافرەت و پیاوان، خێوەت، کەلوپەلی مەتبەخ و دۆشەک و بەتانی).

(مووسا ئەحمەد) ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ ناردنی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەدا (200.000) لیتر نەوت و سووتەمەنی رەوانەی سەر چیاکە دەکەن.

جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتیشى: "ئەمە یەکەمین جار نییە  کۆمەک و هاوکاری بگەیەنینە پەنابەرانی سەر چیای شنگال، بەڵکو چەندین جار لەرێگەی ئاسمانییەوە کۆمەک و هاوکاریمان گەیاندووەتە پەنابەران، هاوکات لە رێگەی وشکانیشەوە نزیکەی 13 ترێلە خۆراک و پێداویستی و بەتانی و دۆشەک و خێوەت و خواردنی خێرامان رەوانە کردووە، هاوکارییەکانی ئێستایش بە گەورەترین کۆمەک و هاوکاری دادەنرێت بۆ پەنابەرانی سەر چیاکە، چونکە پێشتر لە رێگەی ئاسمانییەوە هاوکارییەکان دەگەیشتن، بەڵام ئەمڕۆ خۆشبەختانە پاش پاککردنەوەی ناوچەکە و کردنەوەی رێگای وشکانی لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، دەتوانین لە رێگای وشکانیشەوە هاوکاریی پەنابەرانی سەر چیاکە بکەین و، لە کێشەی کەمی خۆراک و پێداویستیی زستانە رزگاریان دەکەین."
 

هەواڵی پەیوەندیدار