داعش دزیی شەوانەی دەست پێکرد.. سەربازگەکانی هۆزی هەرکی تەقاندنەوە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ ئاشکرای کرد، دوێنێ و ئەمڕۆ چەندین رووداوی جیاجیا لە مووسڵ هەبوون و ژماریەک سەرکردە و تیرۆریستی داعشیش کوژراون؛ هەرئەمڕۆیش، داعش لە ناوچەی بەرتلە ئەو سەربازگانەی تەقاندوونەتەوە کە پێشترە کوردانی هۆزی ھەرکی تێیدا نیشتەجێ بوون.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، دوێنی تیرۆریستانی داعش چوار سەرکردەی گولـلەباران کردن و، هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە، خیانەتیان لە داعش کردووە و زانیاریی هەواڵگریان بە دەزگا ئەمنییەکان داوە.
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، لە ئێستادا تیرۆریستانی داعش رێگەی چوونی بۆ خەڵکی مووسڵ کردووەتەوە و ئۆتۆمبیلی بۆ دابین کردوون کە، سەردانی شاری رەققەی سووریا بکەن و، ژمارەیەک لە خەڵکی مووسڵیش بۆ رەققە چوون.
(ڕەجەب) دەشڵێت، ئۆتۆمبێلێکی داعش کە چوار تیرۆریستی تێدا بوون و لە رێگەی نێوان تەواجنە و قەرەقوشی نزیک بازگەی کۆن بوو، لە لایەن چەکدارانی کەتیبەکانی مووسڵەوە تەقەیان لێ کرا و لە لە ئاکامدا ھەر چواریان کوژران و ئۆتۆمبێلەکەش تێک شکێندراوە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ ئاشکرایشی کرد کە، چەکدارەکانی کەتیبەکانی مووسڵ تەقەیان لە سەرکردەیەکی داعش بە ناوی (ئەحمەد عەبدولکەریم ئەحمەد) لە ناوچەی بەرتلە کردووە و کوشتوویانە.
ھەروەھا گوتیشی، تیرۆریستانی داعش شەوانە دەستیانکردووە بە دزیکردن لە دووکان و شوێنە بازرگانییەکانی نێو شاری مووسڵ، لە شەواندا کاتێ دزیی دەکەن کارەبا دەبڕن و، کەلوپەل و ماڵی خەڵکی بە تاڵان دەبەن.
(عیسمەت رەجەب) راشیگەیاند، سەعات ھەشتی ئەم بەیانییە، داعش ئەو سەربازگانەی لە بازیوە بوون لە نزیک بەرتلە تەقاندنەوە کە، پێشتر کوردانی هۆزی ھەرکی تێیاندا نیشتەجێ بوون.
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی، فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان لە ناوچەی عوێنات ماڵی موختار (محەممەد عەبدولجەبار ئیسماعیل)ـیان بۆردوومان کرد، لە ئاکامدا 25 لە تیرۆریستانی داعش کوژران و بریندار بوون کە لەو ماڵە لە کۆبوونەوەدا بوون و لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە کرانە ئامانج.
ئاماژەیشی دا، لە ناوچەی کەسک لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش، 16 تیرۆریست کوژران.
بڵند ئیبراھیم




