٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە و شەڕڤان 20 تیرۆریستیان کوشتن.. داعش بەرەو ڕەققە هەڵدێن

سەرچاوە: KDP.info
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی عەمید (شەوکەت مزوری)

ڕۆژاوای کوردستان-KDP.info-  فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی  عەمید (شەوکەت مزوری) رایگەیاند، ئەمڕۆ لە ئاکامی بۆردومانکردنی تیرۆریستانی داعشدا توانیویانە 20 تیرۆریست بکوژن. هاوکات زانیاری راگەیاند کە، تیرۆریستان بە دەیان کاروانی ئۆتۆمبێلەوە بەرەو رەققە رادەکەن.


فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی  عەمید (شەوکەت مزووری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، دوێنێ لە رۆژھەڵات و باشووری کۆبانی، لە سەعات شەشی بەیانی تا پێش نیوەڕۆ تەنیا تەقە ھەبوو و، ھیچ شەڕێک رووینەدا و تاڕادەیەک رەوشەکە ئارام بووە و ھیچ پێشوەچوونێک نەبوو.

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی گوتیشی، "ئەمڕۆ زانیاریمان هەبوو کە، گرووپێکی تیرۆریستانی داعش لە باشووری کۆبانی ئەو رێگەیەی کە بۆ حەلەب دەچێت لەنێو خانوویەکەوە لە کۆبوونەوەدان، دوای ئەوەی کە دەستنیشانی شوێنەکەمان کرد و بۆردومانمان کردنن، لە ئاکامدا خانووەکەیان بەسەردا ڕووخا، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە دەستمان خستوون، تیرۆریستان ژمارەیان 20 کەس بووە و هەرهەموویان کوژراوون."

وەک (شەوکەت مزوری) ئاشکرای کرد، "ئەو ژمارەی کوشتوویانن سەرقاڵی پیلاندانان بوون کە چۆن هێرش بکەنە سەر پێشمەرگە و شەڕڤان، بەڵام دەستبەجێ کەوتنە بەر بۆردوومانی ئێمە و تێکڕا بە کوژراوی لەنێو خانووەکەدا پلاناکەیان لە گۆڕ نا."

ئاماژەیشی دا، "تیرۆریستانی داعش تەنیا لە حاڵەتی بەرگریدان، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانیان کشاندووەتەوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێمە، شەوی ڕابرد، تیرۆریستان بە حەوت کاروانەوە بە ئۆتۆمبێل بەرەو رەققە رایان کردووە، هەروەها ئەمڕۆیش بەرەبەیانی بە دە کاروانی دیکەی ئۆتۆمبێل تیرۆریستان رایان‌کردووە بۆ هەمان شوێن"، بەڵام وەک باسی کرد هەر زوو فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانیان لێ ئاگادار کردوونەتەوە و لە ئاکامی بۆردوومانی فڕۆکەکانیشەوە زیانی زۆر بە تیرۆریستان گەیشتووە، گوتیشی "بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئێمەوە دوورن، ئاستی زیانەکانیان نەزانراوە."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار