پاش سنوونێ نۆرەی ئازادکردنی شنگالە.. کوردانی ئێزدی: سەرۆک بارزانی جەژنی ئێمەی کرد بە دووان

شنگال-KDP.info- دوای ئازادکردنی ناحیەی سنوونێ لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، کەسایەتیانی کوردانی ئێزدی خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە دەخەنە ڕوو دەڵێن، "ئێمە سوپاسی (سەرۆک بارزانی) دەکەین کە وەک چۆن پێشتر بەڵێنی پێداین کە بەھانای کوردانی ئێزدی بێت، ئەمڕۆیش بە هیمەتی (سەرۆک) جەژنی ئێزدی کردە دوو جەژن."
دوێنێ هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەورەترین ئۆپەراسیۆنی لە ناوچەی زوممار و شنگال بەرپا کرد و، بەوهۆیەوە پێشڕەوییەکانی هێزی پێشمەرگە گەیشتە سەر چیای شنگال، ئەمڕۆیش پێشمەرگە قارەمانەکان توانییان ناحیەی سنونێ رزگار بکەن، پێوەست بە زانیاری و چۆنیەتیی رزگارکردنی ناحیەی سنوونێ و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لەو دەڤەرەدا، کەسایەتیی دیاری ئێزدی و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق (مەحما خەلیل) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند کە، دوای ئەوەی ھێزی پێشمەرگە گەیشتنە چیای شنگال و سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست ھێنا، ئەمڕۆ توانرا لای باکووری چیای شنگال بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکرێت، کە پێکھاتووە لە کۆمەڵگەکانی حەردان، زۆراڤ، گوھبەل، دۆلا، بۆرگ، خانەسۆر و ناحیەی سنوونێ.
(مەحما خەلیل) گوتیشی، خۆشبەختانە ئەو ناوچانە بەبێ زیان ئازاد کراون و هێزی پیشمەرگە گورزی گەورەی لە تیرۆریستانی داعش وەشاند، بەڵام تا ئێستا بەتەواوی ژمارەی کوژراوانی داعش بەردەست نین.
(خەلیل) رونیشی کردەوە، تیرۆریستانی داعش هێزی بەرگرییان نەماوە و بەرەو سووریا رادەکەن و کوژراوێکی زۆریشیان بە دوای خۆیاندا جێه ێشتووە. هەروەها گوتیشی کە، لە ئێستادا تەنیا شنگال و گوندەکانی دەوروبەری ماون ئازاد بکرێن، بەم نزیکانەش ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە دەگاتە ئەوێ و، تەواوی شنگال ئازاد دەکرێت.
دوێنی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان، (مەسروور بارزانی) لە پریسکۆنفڕانسێکدا رایگەیاند کە (سەرۆک بارزانی) سەرپەرشتیی گشت ئۆپەراسیۆنەکان دەکات و، هۆشداریدا کە بەهەموو توانایەکیانەوە تا ئازادکردنی تەواوی خاکی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامیان دەبێت، ئەمڕۆ کوردانی ئێزدی لەگەڵ تێکەڵبوونی خۆشییەکانیان کە ئاشنا دەبنەوە بە ناوچەکانیان، هاوکات سوپاسی (سەرۆک بارزانی) دەکەن کە بە هیمەتی (سەرۆک) ئەمڕۆ جەژنەکانیان بووەتە دوو جەژن.
پێوەست بەم پرسەوە کەسایەتیی ئێزیدی (مەحما خەلیل) دەڵێت، "ئێمە سوپاسی (سەرۆک بارزانی) دەکەین کە وەک چۆن پێشتر بەڵێنی پێداین کە بەھانای کوردانی ئێزیدی بچێت، ئەمڕۆیش بە هیمەتی (سەرۆک) جەژنی ئێزیدی کردە دوو جەژن، ھەر بۆیە ئەمڕۆ ھیچ کەسێک لە جیھان بەھانای ئێمە نەھاتووە تەنیا میللەتی کورد نەبێت و تاک بە تاکی کوردی ئێزیدی سوپاسی (سەرۆک بارزانی) وھێزی پێشمەرگە دەکات."
لای خۆشیەوە فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە عەمید (ھەکار ئامێدی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ھێزی پێشمەرگە ئەم جارە سەرکەوتنێکی گەورەی بە دەست ھێناوە و ژمارەیەکی زۆری گوندەکانی ناوچەکەی لە چنگ تیرۆریستانی داعشی دەرهێنان و پاکی کردنەوە.
هەر پێوەست بە ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگەی قارەمان لە دەڤەری زوممار و شنگال، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە (قاسم دربۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوت، "سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست ھێناوە و لە باکووری چیای شنگال ھەموو کۆمەڵگەکان رزگار کراون، ئێوارەی ئەمڕۆش ناحیەی سنوونێ رزگار کراوە، ئێستا ئێمە لە ناحیەی سنونێین و لە ماوەیەکی نزیکدا شنگالیش ئازاد دەکرێت."
(قاسم دربۆ) دەشڵێت، لە چەند کۆمەڵگایەکدا داعش ژمارەیەکی زۆری خانووی هاووڵاتیانی تەقاندووەتەوە و تاڵانی کردوون، بەڵام لە ناحیەی سنوونێ زۆر دەستکاری خانووەکانیان نەکردوون.
ئەوەشی خستەڕوو، داعش زۆر شوێنی مینڕیژ کردوون، بەڵام تیمە ئەندازیارییەکان سەرقاڵی پووچەڵکردنەوەی مینەکانن و ژمارەیەکی زۆریشیان پووچەڵ کردوونەتەوە.
بڵند ئیبراھیم




