٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا كۆ دەبێتەوە.. سێشەممەی دادێ فێدریكا مۆگرینی دێتە هەولێر

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا-KDP.info-  سێشەممەی داهاتوو رێکخەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاساییشی یەكیەتیی ئەورووپا (فێدریكا مۆگرینی) سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ  (سەرۆك بارزانی)ـدا كۆ دەبێتەوە؛ لە سەردانەكەیدا پاڵپشتیی زیاتری یەكیەتیی ئەورووپا بۆ هەرێمی كوردستان دووپات دەكاتەوە.

بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی focus-fen  هەفتەی داهاتوو رێکخەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاساییشی یەكیەتیی ئەورووپا (فێدریكا مۆگرینی)، سەردانی عێراق دەكات و، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی)ـدا كۆ دەبێتەوە، رۆژی سێشەممەیش تایبەت سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کردستان (مەسعوود بارزانی)ـدا كۆ دەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی focus-fen ئامانجی سەردانەكەی (فێدریكا مۆگرینی) بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، پێوەستە بە پێشكەشكردنی هاوكاریی زیاتری یەكیەتیی ئەورووپا بۆ عێراق و هەرێم، بەتایبەت لە پرسی رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا.
هەروەها ماڵپەڕەكە تەوەرێكی دیكەی سەردانەكەی (فێدریكا مۆگرینی) بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرا كردووە كە، (مۆگرینی) پاڵپشتی و ئامادەیی زیاتری یەكیەتیی ئەورووپا بۆ هەرێمی كوردستان دووپات دەكاتەوە.

هەروەك ماڵپەڕەكە نووسیویەتی كە، (مۆگرینی) لە میانی سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان پاڵپشتیی سیاسەت و هاوكاریی مرۆیی یەكیەتیی ئەورووپا بۆ هەرێم دەردەبڕێ، پێوەست بە ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێمیش ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكیەتیی ئەرووپا پێدەچێت هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارەكان لە هەولێر ئاشكرا بكات، چونكە تا ئێستا یەكیەتیی ئەورووپا بە بڕی 24 ملیۆن دۆلار هاوكاریی ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستانی كردووە، لەكاتێكدا پێویستە زیاتر هاوكاریی ماددی پێشكەش بە ئاوارەكان بكرێت.

لای خۆیشییەوە نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا (دلاوەر خالید ئاژگەیی)، ئەم هەواڵە پشتڕاست دەكاتەوە و لە رایگەیاندراوێكدا دەڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێکخەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاساییشی یەكیەتیی ئەورووپا (فێدریكا مۆگرینی)، دەگاتە هەرێمی كوردستان و بڕیارە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی)ـدا، كۆ ببێتەوە.
(فێدریكا مۆگرینی) لە ساڵی 1973 لەدایك بووە و یەكێك لە سیاسەتمەدارە گەورەكانی ئەورووپایە و، لە پشكی دەوڵەتی ئیتاڵیا لە یەكیەتیی ئەورووپا پۆستی رێکخەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاساییشی ئەو یەکیەتییەی وەرگرتووە.

کەنعان بەهادین
 

هەواڵی پەیوەندیدار