دانوستانێکی ئەمەریکا لەگەڵ داعشدا شکستی برد

هەولێر-KDP.info- ڕۆژنامەی گاردیان، ئەمڕۆ هەینی بڵاوی کردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمەریکایی لە یەکەی بنەبڕکردنی تیرۆر، هاندەر بوون بۆ دانوستانێکی شکستبردوو لەگەڵ دوو گەورەتیرۆریستدا، هەتا گیانی بارمتەیەکی ئەمەریکایی ڕزگار بکەن کە دواجار داعش کوشتییەوە.
ئەو ڕۆژنامەیە هاوکات ڕایدەگەیەنێ، دانوستان لەگەڵ دووگەورەتیرۆریستی بەناو ئایینی ڕێکخراوی داعش، کە ئامانج لێی ئازادکردنی بارمتەکراو(پیتەر کاسێج) بووە، لە نێوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەردا ساز دراوە و چەند هەفتەیەکی خایاندووە، ئێف بی ئاییش لەو دانوستانە ئاگادار بووە. بەڵام هێشتا بەرپرسانی ئەمەریکایی وەڵامیان بۆ ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی گاردیان نەبووە.
تیرۆریستانی داعش، لە مانگی نۆڤەمبەر (پیتەر کاسێج)ـی 26 ساڵەیان سەربڕی. (سەرۆک باڕاک ئۆباما) ئەوکات گوتی، ئەو کردەی کوشتنە "کردارێکی قێزەونە کە لەسەر دەستی گرووپێکی تیرۆریستییەوە ئەنجام داروە و هەقی ئەوەی هەیە بە وەحشیگەرایی بیانناسێنی."
گاردیان دەڵێ، هەوڵە شکستبردووەکەی ئازادکردنی بارمتە سەربراوەکە، لە لایەن پارێزەرێکی نیویۆرکەوە(ستانلی کۆهین) بەڕێوە براوە کە بەرگری لە دۆسێی زاوای (ئوسامە بنلادن) و ئەندامانی حەماسی فەلەستینی دەکات لە ەبردەم حاکمی ئەمەریکا.
ئاماژەیش دراوە، (کۆهین)ـی پارێزەرە توانیویەتی چەند گەورەشێخێکی هاوپەیمانی ڕیکخراوی قاعیدە ڕازی بکات تا لەجیاتی (کاسێجی) سەرپەڕاو دانوستان بکەن. ئەوانەیشی کە ئێف بی ئایدا کار دەکەن، دەڵێن، گەورەبەرپرسانی FBI ئاگاداری هەر هەنگاوێکی ئەو پارێزەرە بوون کە بۆ دانوستان ناویەتی.
ڕۆژنامەکە نووسیویشیەتی، خەرجیی پارێزەرەکە کە 24هەزار دۆلار بووە لە ماوەی ئەو دانوستانەیدا، دەکەوێتە ئەستۆی ئێف بی ئای. وەک گاردیان لە زاری گوتەبێژەکەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەرکی سەرەکی ئێف بی ئای گێڕانەوەی هاووڵاتیانی ئەەمریکاییە بە سەلامەتی.
گاردیان بەرلەوەی ئەم راپۆرتە بڵاو بکاتەوە، پێوەندی بە خانەوادەی (کاسێج)ـەوە کردووە، بەڵام وەڵامێکیان نەداونەتەوە.
زریان زیاد




