هەر كەسێك جگەرە بكێشێت، چوار رۆژ ڕەوانەی كۆبانی دەكرێت.. دوو سەركردەی دیاری داعش كوژران

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دەڵێت، ئەمڕۆ چەند روداوێكی جیاجیا لە مووسڵ روویان داوە و لە ئاكامدا دوو سەركردەی دیاری داعش كوژراون و هەر ئەمڕۆیش داعش بڕیارێكی نوێی دەركردووە كە هەر كەسێك جگەرە بكێشێت بۆ ماوەی چوار رۆژ رەوانەی كۆبانی دەكرێت.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ بۆمبێكی چێندراو كە لەلایەن چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵ لە ناوچەی عەین جەحشی باشووری مووسڵ دانرابوو، بە ئۆتۆمبێلێكی سەركردەیەكی داعشدا تەقییەوە كە بەرپرسی مەشقكردن بە چەكداران بووە لە سەربازگەی وەلید بەناوی (ئیحسان ئەحمەد جبووری) و دەرەنجام خۆی و دوو چەكداری دیكە كوژران.
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، هەر ئەمڕۆ سەركردەیەكی شەرعیی داعش بە ناوی (مەرعی حەسەن مەتیوتی) ناسراو بە (ئەبوئیسرا) كە گوتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی ئیحسان لە گەڕەكی یەرمووك بووە و كاری هێنانی چەكدار بووە بۆ ریزەكانی داعش، لە شەڕی زوممار كوژراوە و بە هۆیەشەوە تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ تەقەیەكی زۆریان كردووە و پێی نیگەران بوون.
ئەو بەرپرسەی پارتی ڕوونیشی كردەوە، داعش بڕیاری داوە هەر كەسێك جگەرە بكێشێت دەستگیر دەكرێت و رەوانەی كۆبانی دەكرێت، كە بۆ ماوەی چوار رۆژ لەوێ خەندەقیان پێ دەكۆڵن.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵ هێرشیان كردووەتە سەر خاڵێكی پشكنینی داعش لە نزیك مەفرەقی بەعویزە و لە ئاكامدا دوو تیرۆریستی داعش كوژران.
بەرپرسی لقی چواردی پارتی لە مووسڵ ئەوەیشی خستە ڕوو، داعش دەستیان كردووە بە سوتاندنی ئامێری موبایل و سەتەلایت و رێگە نادەن لە مووسڵ بەكار بهێندرێن و هەر كەسێكیش بەكاری بهێنێت بە یەك ملیۆن دینار سزای دەدەن و كەلوپەلەكانیش دەسوتێنن.
بڵند ئیبراهیم




