لیژنەی كەوتنی مووسڵ: لێكۆڵینەوەمان لەگەڵ 3 بەرپرسدا كردووە و 33ـی دیكە ماون

بەغدا-KDP.info- ئەندام لە لیژنەی لێكۆڵینەوەی كەوتنی مووسڵ (شاخەوان عەبدوڵڵا) ئاشكرای كرد كە، ئەمڕۆ لێكۆڵینەوەیان كردووە لەگەڵ هەریەك لە، (عەبوود قەنبەر) و (عەلی غیدان) و فەریق ڕوكن (موحسین) و گوتەكانیان لێ وەرگرتوون. هاوكات ئاشكرای كرد كە، تێكڕای ئەوانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت 36 كەسن.
لیژنەی كەوتنی مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق دەستی كردووە بە لێكۆڵینەوە لەو بەرپرسە سەربازی و ئەمنی و كارگێڕیانەی كە بە هۆكار دەزانرێن لە كەوتنی ئەو شارە و داگیركردنی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە. پێوەست بەم پرسە، ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق و، ئەندام لە لیژنەی لێكۆڵینەوەی كەوتنی مووسڵ (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "دوێنێ چوارشەممە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ، لێكۆڵینەوەمان لەگەڵ هەریەك لە (عەبوود قەنبەر) و (عەلی غیدان) و فەریق روكن (موحسن ) كرد و گوتەكانیان تۆمار كران و دیكۆمێنتەكانیان لێ وەرگیران."
ئەو ئەندامەی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ ئاماژەیشی دا، "گوتەی هەر سێ بەرپرسەكە لەگەڵ گوتەكانی كەسانی دیكە لە لێكۆڵینەوە بەراورد دەكرێت و، تێكڕای داواکراوانیش كە بانگهێشتی لێكۆڵینەوە دەكرێن، 36 كەسن، لەو ژمارەیەیش 3ـیان بەرپرسی كارگێڕین و 33ـیەکەی دیکەیش بەرپرسی سەربازی و ئەمنین."
دەربارەی چۆنیەتیی دەركەوتنی تۆمەتباری سەرەكی لە كەوتنی شاری مووسڵ، (شاخەوان عەبدوڵڵا) رایگەیاند، "لەگەڵ وەرگرتنی گوتەی ئەو بەرپرسانەی كە بانگهێشت كراون و بانگهێشت دەكرێن، هەریەكێك ئەوەی دیكە تۆمەتبار دەكات و لەگەڵ ئەو هەموو تۆمەتبارەكردنەیش، لە كۆتایدا بۆمان دەردەكەوێت كە كێ تۆمەتباری سەرەكییە."
جێی ئاماژەیە، پارێزگای مووسڵ بە دووەم پارێزگای گەورەی عێراق دادەنرێت كە 402 كم لە بەغدا دوورە و، لە شەوی 9-10-2014 لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیر كرا.
نەشوان بەرزنجی




