٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دووشەممەی دادێ، پێدەچێ بودجەی عێراق پەسەند بكرێت.. هێشتا گوژمەی بودجە جێگیر نییە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی (ئەحمەدی حاجی رەشید) رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی پەسەند نەكرد و پەسەندكردنەكەیش بۆ ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی دادێ دواخرا.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی (ئەحمەدی حاجی رەشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێوەست بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق كۆ بووەوە، بەڵام نەتواندرا پڕۆژەیاساكە پەسەند بكرێت و، پەسەندكردنیشی بۆ رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو دوا خرا.

(ئەحمەدی حاجی رەشید) گوتیشی، گوژمەی بودجە، سێجار گۆڕانكاری بۆ كراوە، سەرەتا گوژمەكە 150   ترلیۆن دینار بوو، دواتر بوو بە 148 ترلیۆن و، ئەم جارەیش رەنگە گۆرانكاری تێدا بكرێت، بەڵام تا ئێستا دیار نییە كە گوژمەكە دەكرێت بە چەند.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەیشی كرد كە، چەند خاڵێك لە پڕۆژەیاسای بودجە هەن پێویستە یەكلا بكرێنەوە، لەوانە بانكی مەركەزی چەند مەرجێكی هەن، تا ئێستا جێبەجێ نەكراون و، هەڵبەت نرخی نەوتیش دیاریكراو نییە و تا ئێستایش كورتهێنان لە بودجە بەرزە، بۆیە تا ئەو كێشانە چارە نەكرێن، ناتواندرێت بودجە پەسەند بكرێت.

لەبارەی ئەگەری پەسەندكردنی بودجە لە رۆژی دووشەممەی داێ، (رەشید) رایگەیاند كە، "بە دیاریكراوی نازانرێت كە ئایا رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەتوانرێت بودجە پەسەند بكرێت یاخوود نا، بەڵام ئەوەی كە پێویستە پێش سەری ساڵ پڕۆژەیاساكە پەسەند بكرێت".

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كە بۆ مێدیاكان خراوەتە ڕوو، پێدەچێت رۆژی دووشەممەی دادێ بودجەی گشتیی عێراق پەسەند بكرێت.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار