هەواڵگریی ئەمەریکا: دوازدەهەزار چەکداری بیانی لە سووریان

هەولێر-KDP.info- تا دێ ژمارەی چەکدارانی بیانی لە سووریا لە هەڵکشانە و مەترسیی وڵاتانی دنیایش لە ئەگەری گەڕانەوەیان زیاتر بووە، چونکە لەوە دەترسن بە هۆی ئەو تەکنیکەی لە کردەی توندوتیژیدا فێری بوون دژ وڵاتەکانیان بە اکری بهێننەوە.
دەستگای هەواڵگریی ئەمەریکا لە دواڕپۆرتیدا، ئاماژەی داوە کە، دوازدەهەزار چەکدار لە هەشتاویەک دەوڵەتەوە بۆ شەڕکردن چوونەتە سووریا؛ ئەوان بەسەر ڕێکخراوە توندڕۆکان و هێزەکانی ڕژێمدا دابەش بوون.
ڕاپۆرتێکی دیکەی هەمان دەستگای هەواڵگری، ناوەندی سۆفان بۆ لێتوێژینەوە، دەڵێ، قەیرانی سووریا پێوەست نییە بەوەوە کە تەنیا شۆڕشێک بێ بۆ شکستبردن بە ڕژێم، بەڵکە شارەکانی بوونەتە گۆڕەپانی سەرنجڕاکێشانی چەکدارانی بیانی لە هەرجێیەک بن.
بەپێی زانیارییەکانی نێو ڕاپۆرتەکە، ئەو چەکدارانەی لە سووریان، بەسەر ڕێکخراوە توندڕۆکاندا دابەش بوون و، یان هەندێکیان بە چوونە پاڵ میلیشیاکانی وەک حیزبوڵڵا و هێزی دیکەی هەرێمی کە پشتیوانی لە ڕژێمی سووریا دەکەن؛ چەکدارانی بیانییش کە دەچنە نێو خاکی سووریاوە، هەر مانگێک لە سەرووی هەزارەوە دەبن کە لە هەشتاویەک وڵاتەوە ڕووی تێ دەکەن.
توونس کە سێهەزار هاووڵاتی ڕوویان لە سووریا کردووە، سەرلیستی زۆرترین ژمارەی ئەو چەکدارانەی گرتووە کە لە وڵاتانی عەرەبەوە چوونەتە سووریا؛ دواتر وڵاتانی ئەورووپایی دێن کە زیاتر لە دووهەزاروپێنجسەد چەکداریان لە سووریان.
لە سێ ساڵی ڕابردوویشدا، هەندێکی ئەو چەکدارانە چوونەتە سووریا ئەوانە بوون کە ماوەی دە ساڵ لە ئەفغانستان جەنگاون.
سەرەتای بەچەکدارکردنیش لە پێگە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە کە، ڕێکخراوە تیرۆریستەکان بە چەند زمانێک خۆیانیان تێیان خزاندووە و کێبڕکێ لەسەر ڕاکێشانی زۆرترین ژمارەی تیرۆریستان دەکەن.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی ئای ئەی ئەمەریکایی، کاتێک چەکداران پێوەندی بەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانەوە دەکەن، بەشێکیان، بەرلەوەی لە سنووری تورکیاوە بچنە سووریا، بۆ مەشقکردن دەچنە سەربازگەکانی لیبیا.
زریان زیاد-ئەلعەرەبییە




