نێچیرڤان بارزانی و یوئێن کۆک بوون لەوەی، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر بە هانای ئاوارەکانەوە بێن

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی كوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (نیكۆلای میلادینۆف) لە هەولێر جەخیتان كردەوە لە هاندانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ كۆمەكی ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێم.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-ی دیسەمبەری 2014، سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق (نیكۆلای میلادینۆف) كرد.
لە دیدارێكدا ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان تاوتوو كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو تواناكانی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانێت وەك پێویست خزمەت بە ئاوارە و پەنابەران بكات و كۆمەك و هاوكارییان پێشكەش بكات، بە تایبەتی لەم وەرزی سەرما و سۆڵەدا، بەڵام بارەكە زۆر لە تواناكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قورسترە، بۆیە جەخت لەوە كرایەوە كە عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ڕۆڵێكی زیاتر بۆ هاوكارییان بگێڕێت و لەمبارەیەوە نەتەوە یەكگرتووەكان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هان بدات تا ئاوڕی جیددیتر لەم كەیسە بداتەوە.
لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ دەربڕی و پشتگیریی خۆی و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ لێكگەیشتن و چارەكردنی هەموو كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دووپات كردەوە.
سەرۆكوەزیرانی كوردستان، هیوای خواست ئەم ڕێككەوتنە ببێتە هۆی چارەكردنی تەواوی كێشەكان و ببێتە هاندەرێك بۆ حكوومەتی فیدراڵ تا چارەی گونجاو لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بۆ هەموو كێشە و گرفتەكان بدۆزێتەوە.
ڕەوشی سەربازی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پرسی دامەزراندنی هێزی پاسەوانی نیشتمانی، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو، هەروەها هەردوولا داكۆكییان لە ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە عێراق كرد و هیویان خواست هەموو لایەنە عێراقییەكان بە گیانێكی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕەوش و بارودۆخەكەدا بكەن.




