كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانە.. ئێمینكی و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆ بوونەوە

هەولێر-KDP.info- لە دیداری نێوان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جەخت لەوە كرایەوە كە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی هەرێمی كوردستانن كە ئەمڕۆ بەوپەڕی ئازایەتییەوە رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بوونەتەوە و باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوان كردووەتەوە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دكتۆر (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) ئەمڕۆ پێنچشەممە 18/12/2014 لە نووسینگەی خۆی لە پەرلەمان، پێشوازیی لە بەڕێوەبەری پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێكخراوی SHARE MERCYـی نۆروێژی (پیر ئۆڤی بێرگ) و نووسەری رۆژنامەی DAGEN-ی نۆروێژی خاتوو (كاری فیوەر) كرد.
لە دیدارێكدا كە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان خاتوو (هیڤا حاجی میرخان) ئامادەی بوو، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێكخراوی SHARE MERCYـی نۆروێژی (پیر ئۆڤی بێرگ) پوختەیەكی لەبارەی ئەو چالاكییە خێرخوازیانە خستە روو كە رێكخراوەكەیان لە رووی پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی پێشكەشی ئاوارە و لێقەوماوانیان كردووە و سیمیناری جەماوەرییان لەبارەی گەیاندنی رەوشی ئاوارەكان پێشكەشی هاووڵاتیانی نۆروێژی كردووە.
(بێرگ) هەروەها ئەوەیشی خستە روو كە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتیی پشتیوانی هەرێمی كوردستانن بە هەموو شێوەیەك كە ئەمڕۆ بەوپەڕی ئازایەتییەوە رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بوونەتەوە و باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوان كردووەتەوە هاوكات لە ماوەیەكی كەمدا رێژەیەكی ژمارەیەكی ئێجگار زۆر هاووڵاتیی ئاوارە و لێقەوماو روویان لەو هەرێمە كرد و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین كرا.
لە بەرانبەردا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دكتۆر (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) سوپاسی هەوڵەكانی ئەو رێكخراوە و تەواوی رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆ و كەسایەتی و هاووڵاتیانیشی كرد كە بە درێژایی ئەو ماوەیە هاوشان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكار و پشتیوانی ئاوارە و لێقەوماوان بوون، ئەوانەی لەترسی هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش بۆ سەر ماڵ و حاڵیان روویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كرد.
هەر لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی رەوشی ئێستای بەرەكانی جەنگ و رووبەرووبوونەوە و هەوڵەكانی هێزی پێشمەرگە بۆ رزگاركردنی ئەو شوێنانەی هێشتا ماون ئازاد بكرێن، لەگەڵ ئاماری ئەو ئاوارانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و پێداویستییە سەربازی و مرۆییەكان و پێشبینییەكانی بۆ رابردووی نزیك و بە وردییش وەڵامی پرسیاری نووسەری رۆژنامەی DAGENـی نۆروێژی دایەوە.




