هەولێر ئاهەنگ ناگێڕێ.. ڕێزە بۆ گیانی شەهیدان

هەولێر-KDP.info- پارێزگای هەولێر بڕیاری دا، کۆی بۆنە فەرمییەکان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێوە رابگرێ، ئەمەیش وەک ڕیزلێنانێک بۆ گیانی شەهیدانی پێشمەرگە و ئەو دۆخە نەخوازراوەی کوردستانی پێدا ڕەت دەبێ.
جێگری پارێزگاری هەولێر(تایەر عەبدوڵڵا) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و گوتی، "کۆی بۆنەکان کە بە هۆی ساڵی نوێوە ساز دەدرێن و کە وەک نەریتێک ساڵانی پێشوو بەڕێوە دەبران و شار دەڕازێندرایەوە، ڕاگیران."
(تایەر عەبدوڵڵا) گوتیشی، "بۆنە تایبەتەکان ڕێیان پێ ناگیرێ، هەمووانیش لە سازدانی ئاهەنگی تایبەت ئازادن، بەڵام وەک پارێزگای هەولێر بڕیارمان داوە بۆنەی گشتی و فەرمی ڕابگرین، ئەم بڕیارەیشمان لە سۆنگەی ڕێزگرتن لە گیانی پێشمەرگەی کوردستان کە لە جەنگی تیرۆریستانی داعشدا شەهید بوون و، ئەو دۆخە نەخوازراوەیە کە هەرێمی کوردستانی پێدا ڕەت دەبێ."
زریان زیاد




