وەزارەتی دارایی: کە 500ملیۆن دۆلارەکە لە بەغداوە هات، مووچەی ئەو وەزارەتانەیش دەدەین کە هێشتا نەدراون

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی داراییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بڕیار بوو ئەم حەفتەیە 500ملیۆن دۆلارەکەی دیکەیش، لە بەغداوە بگاتە ھەرێمی کوردستان، بەڵام جارێ نەگەیشتووە؛ ھەر کە بگات، مووچەی ئەو وەزارەتانەیش دابەش دەکەین کە ھێشتا نەدراون."
گوتەبێژی وەزارەتی داراییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (دلێر تارق)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تاوەکو ئێستا ئەو 500ملیۆن دۆلارەی قەرارە بەغدا بۆ ھەرێمی کوردستانی ڕەوانە بکات، نەهاتووە و، ئەوانیش چاوەڕێی ئەو بڕە پارەیە دەکەن بۆ ئەوەی بیدەن بەو وەزارەتانەی کە هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە."
وەزیری داراییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چەند ڕۆژ لەمەوبەر گوتبووی کە ئەم حەفتەیە بەغدا 500ملیۆن دۆلارەکە بۆ ھەرێم ڕەوانە دەکات و، بەو پارەیە مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکەن، بەڵام جارێ هیچ دیار نییە.
بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوان ھەرێم و بەغدا، ھەرێمی کوردستان هەموو ڕۆژێ بڕی 150ھەزار بەرمیل نەوتی خۆی بۆ بەغدا دەنێرێتە دەرەوە و، بەغدایش بە دوو جار، ملیارە دۆلارێک دەنێرێت؛ جارێ 500ملیۆن دۆلاری ناردووە، بەڵام 500ـەکەی دیکەی هێشتا دیار نییە.
بڵند ئیبراھیم




