تورکیا: دەستمان بەسەر 80ملیۆن لیتر نەوتی داعشدا گرتووە.. ڕێمان لە 7000کەس گرتووە نەچنە نێو داعشەوە

هەولێر-KDP.info- وەزیری دەرەوەی تورکیا(مەولوود چاوشئۆغڵو) دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستی بەسەر 80ملیۆن لیتر نەوتدا گرتووە کە لەو بیرەنەوتانەوە هێنراوە کە لە چنگ داعشدان و یەکێ لە سەرچاوەکانی داهاتی ئەو ڕێکخراوەیە.
لەو سەردانەی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، سکای نیوز- عەرەبی، لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی تورکیاوە بڵاوی کردووەتەوە کە، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە، نزیکەی 80ملیۆن لیتر نەوتی دزراومان دەست ەبسەردا گرتووە"، گوتیشی "زۆرێکیش لە بۆریی نەوتی کە لە لایەن داعشەوە کێشرابوون، لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە ئاشکرا کران و تێک شکێندراون."
(مەولوود چاوشئۆغڵو) هاوکات بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندووە، "ئەو هەواڵانە ڕەت دەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن ئانکارا نەوتی لە ڕێکخراوی داعش کڕیبێ"، ئاماژەیشی دا "ئەمە پرسێکە و شەڕی دەروونی پێ لەگەڵ تورکیادا دەکەن."
بەپێی ڕاپۆرتێکی یوئێنیش کە لە مانگی نۆڤەمبەردا بڵاو کراوەتەوە، تورکیا وڵاتێکی گرینگە لە گوێزتنەوەی ئەو نەوتە دزراوەی کە داعش دەیفرۆشێت.
کۆتایی سەپتەمبەریش، گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی نەوتی سووریاوە گوتی، لە ڕێگەی چەند نێوەندگیرێکەوە بەشێکی بەرهەمی نەوت بە تورکیا فرۆشراوە.
هەرچی (مەولوود چاوشئۆغڵو)ـیشە، ڕەتی دەکاتەوە کە، ئانکارا هیچ ئاسانکاریێکی بۆ تیرۆریستان کردبێ بە خاکەکەیدا بۆ سووریا تێپەڕیبن.
ئەو هەروەها دەڵێ، "زیاتر لە 7000کەس ڕێیان لێ گیراوە تورکای جی بێڵن، زیاتر لەو 7000هەزار کەسەیش کە ویستی چوونەنێو داعشیان هەبووە و دەرکراون."
دوێنی چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە سەردانێک گەییشتە تاران و لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کۆ بوونەوە.
زریان زیاد




