حکوومەتی ئەڵمانیا بڕیاری دا سەرباز ڕەوانەی هەولێر بکات

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕەزامەندیی نیشان دا بە مەشقکردن بە پێشمەرگەی سوپای کوردستان. وەهایش بڕیارە 100 سەربازی ئەڵمانیایی بۆ ئەنجامدانی ئەو مەشقە، ڕەوانەی هەولیری پایتەخت بکرێن.
چونکە هێشتا ئەم پرسە مشتومڕی لەسەرە، لەبەر ئەوەی ئەم هەڵمەتی هاوکاری و هەنگاوانەی ئەڵمانیا و وڵاتانی دی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، نەخراوەتە ژێر چەتری یوئێن و هاوپەیمانیی ناتۆەوە؛ هەر بۆیە پاش ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەڵمانیا، ئەم پرسی ڕەوانەکردنی سەرباز و مەشقکردن بە پێشمەرگە پێویستی بە پەسندکردنی پەرلەمان(بوندستاگ)ـی ئەڵمانیاوە هەیە و چاوەڕوان دەکرێ، لە سەرەتای ساڵی دادێ، بیخەنە بەر باسەوە.
وڵاتانی هاوپەیمان کە ئەمەریکا ڕابەرایەتییان دەکات، شەست وڵات دەبن، کە بڕیاریان داوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، هاوکار و پشتیوانی عێراق، هەریمی کوردستان بن.
لەوەتەی ئەڵمانیا بڕیاری دا یەکیک لە وڵاتانی هاوپەیمان بێ لە بەرپەرچدانەوەی داعش، تایبەت پشتیوانیکردنی مرۆیی و سەربازی بۆ هەولێر، بایی 70ملیۆن یۆرۆ چەکی داوە بە پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام هێشتا ئەڵمانیا هیچ گورزێکی ئاسمانی لە مۆڵگەکانی داعش نەوەشاندووە.
هێزێکی کەمی ئەڵمانیایی لە ئێستادا لە نزیک هەولێر، مەشق بە ژمارەیەک پێشمەرگە دەکەن، تایبەت بۆ چۆنیەتیی ئەو چەکانەی کە خۆی داونی بە پێشمەرگە.
زریان زیاد




