رێوڕەسمی جەژنی كوردانی ئێزدی ئەنجام نادرێت.. شێخ شامۆ: بە چاودێریی سەرۆك بارزانی شنگال و ناوچەكە رزگار دەكرێ

دهۆك-KDP.info- سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی لالش (شێخ شامو) دەڵێت، لە ژێر چاودێریی (سەرۆك بارزانی) شنگال و تەواوی ناوچەكە رزگار دەكرێن. جەختیشی كرد كە، ئەمساڵ رێوڕەسمی جەژنی رۆژی كوردانی ئێزدی ئەنجام نادرێت.
لە راگەیەندراوێكدا كە كۆپییەكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی لالش (شێخ شامۆ) رایگەیاند كە، ئەمساَل بۆ رێزگرتن لە گیانی شەهیدان و پەرۆشیی كەسوكاری شەهیدان، رێوڕەسمی رۆژی جەژنی كوردانی ئێزدی بەڕێوە ناچێت و، هۆكارەكەیشی گەڕاندەوە بۆ رێزگرتن لە خوێنی شەهیدان و پەرۆشییان بۆ كەسوكاری شەهیدان.
سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی لالش لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەیدا دەڵێت، "خەمگین و بەداخین كە لە ئێستادا ژمارەیەك لە كچ و ژنانی ئێزدی كە نامووسی ئێمەی كوردن، لەو جەژنەدا هێشتا لە دەستی تیرۆریستانی داعشدا بە دیل ماون، بەڵام بزاڤی رزگاریخوازی كورد قەرزاری چیای سەركەشی شنگالە كە بە هۆی ئەو چیایەوە ئێزدییەكان پارێزران".
لە راگەیاندراوەكەدا، (شێخ شامۆ)، گوتی، جگە لە هێزی پێشمەرگە هیچ هێزێكی دیكە لەسەر زەوی نییە كە ناوچە ئێزدینشینەكان رزگار بكات و پارێزگارییان لێ بكات.
هەروەها راشیگەیاند، "ئێمە پڕ بە دڵ باوەڕمان بە (سەرۆك بارزانی) هەیە كە بەڵێنی پێ داوین شنگال و ناوچەی كوردانی ئێزدی بە زوویی ئازاد بكرێت، بۆیە ئێمە باوەڕمان بە دادپەوەری و كەسێتیی جەنابی (سەرۆك) هەیە كە لە ژێر چاودێریی (سەرۆك بارزانی) موژدەی ئازادكردنی شنگال و تەواوی ناوچەكە رادەگەیەنرێت".
هاوكات لە راگەیاندراوەكەدا سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی لالش ئاماژەیشی دا، كوردانی ئێزدی چاوەڕوانی دروستبوونی دەوڵەتی كوردین كە لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی) دێتە بوون و، بۆچوونیشیان وایە كە شنگالیش وەك هەڵەبجە، بارزان، گەرمیان و شارەكانی دیكە كە لە رابردوو هاووڵاتیان لەسەر دەستی رژێمی پێشوو لیێ جینۆساید كران، وەهایش شنگال لەلایەن تیرۆریستانەوە كرا بە قوربانیی و، بە بێ قوربانییش دەوڵەتی كوردی دروست نابێت.




