كۆبانی.. داعش پاشەكشەی كردووە و تەرمی تیرۆریستانیش جێ هێڵدراون

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (شەوكەت مزووری) رایگەیاند، تیرۆریستانی داعش لە كۆبانی لە پاشەكشەدان و تەرمێكی زۆریشیان لە نێو كۆبانی جێ ماون. جەختیشی كرد كە ئەمڕۆ بۆردوومانی داعشیان كردووە و بێدەنگیان كردوون.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (شەوكەت مزووری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئەمڕۆ رەوشی كۆبانی بەراورد لەگەڵ رۆژانی رابردوو تا رادەیەك ئارام بووە و تەنیا ئەوان چەند تۆپێكیان ئاراستەی ئێمە كرد و، ئێمەیش بە توندی وەڵاممان دانەوە و بێدەنگ بوون".
عەمید (شەوكەت) گوتیشی، ورەی هێزی پێشمەرگە لەوپەڕی بەرزیدایە و داعش لە ناوچەكە تووشی ڕووخان هاتوون و لەنێو كۆبانی لە پاشەكشەدان، چونكە توانای بەرگریكردنیان نەماوە.
(مزووری) ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستا ئەوانەی لە ریزەكانی تیرۆریستانی داعشدان، بە زۆری عەرەبن و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی عێراقییش لە ریزەكانی ئەواندا هەن.
زیاتر گوتی، تەرمێكی زۆری داعش لەنێو كۆبانی بەجێ ماون، چونكە ئەوان تەرمەكانی خۆیان جێ دەهێڵن و لەگەڵ خۆیانیان نابەن.
ئەو فەرماندەیە ئاماژەیشی دا، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانیش هەر كاتێك پێویست بكات مۆڵگەكانی داعش بۆردوومان دەكەن.
بڵند ئیبراهیم




