٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نەجیبە نەجیب: مووچە ئاسایی دەبێتەوە.. دەبێت وەك قەرەبوو زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار بە هەرێم بدرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق (نەجیبە نەجیب) رایگەیاند، لیژنەیەكی هاوبەش لە حكوومەتی هەرێم و ناوەند پێك هاتووە بۆ پێداچوونەوە بە ئیستیحقاقاتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014ـدا و بە گوێرەی راپۆرتی ئەو لیژنەیە قەرەبووی هەرێم دەكرێتەوە، كە دەبێت زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار بە هەرێم بدرێت.. دڵنیاییشی دایە فەرمانبەرانی هەرێم كە مووچە ئاسایی دەبێتەوە.

ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق (نەجیبە نەجیب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوایین رێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق زۆر كێشەی سیاسی و ئابووریی نێوان هەولێر و بەغدای چارە كرد، بۆ نموونە لە بودجەی 2015ـدا رێژەی17 %-ی پشكی هەرێمی كوردستان جێگیر كراوە، ئەوەیش دەستكەوتێكی باشە بە تایبەت كە بودجەی خەرجییە سیادییەكان كەم دەكرێتەوە و بەوەیش بەشە بودجەی كوردستان زیاتر دەبێت، هەروەها ئەو بڕگانەی وەك سزا لە بەرانبەر هەرێمی كوردستان داندرابوون، ئەوانیش هەڵگیراون.
(نەجیبە نەجیب) گوتیشی، بۆ قەرەبووكردنەوەی  بودجە و پارەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014، لیژنەیەكی هاوبەش لە حكوومەتی هەرێم و ناوەند پێك هاتووە بۆ پێداچوونەوە بە ئیستیحقاقاتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014-دا و بە گوێرەی راپۆرتی ئەو لیژنەیە قەرەبووی هەرێم دەكرێتەوە، كە دەبێت زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار بە هەرێم بدرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەیشی دا كە، "هەموو ئەو پڕۆژەیاسایانەی دێنە پەرلەمانی عێراق بە تایبەت بۆ ئەو یاسایانەی كە ماف و ئیمتیازاتی تێدایە، هەوڵ دەدەین  خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، هەوەها بەرگریكاریش دەبین لە هەموو مافەكانی دیكەی هاووڵاتیان بە تایبەت لە بودجەدا".
(نەجیبە) دەشڵێت، "لە سەرەتای ساڵی 2015ـدا بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان وەك خۆی دەنێردرێتەوە، دڵنیایی دەدەینە فەرمانبەران و خەڵكی كوردستان لە ساڵی 2015ـدا مانگانە مووچە و بودجەی خۆیان وەردەگرن بە بێ ئەوەی دوا بكەوێت".
یەحیا سابیر
 

هەواڵی پەیوەندیدار