٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمەریكا و توركیا پێوەست بە شەڕی داعش لە رێككەوتن نزیكن.. مەشقی پێشمەرگە و ئۆپۆزسیۆنی تێدایە

سەرچاوە: KDP.info

واشنتن-KDP.info- دوو رۆژنامەی جیهانی جەخت لە رێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و توركیا پێوەست بە بەشداریی توركیا لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش دەكەن، هاوكات بە گوێرەی دوو مێدیاكە توركیا بۆ مەشقپێكردنی 2 هەزار سەربازی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، لەگەڵ مەشق و راهێنانی هێزێكی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان رەزامەند بووە.

بە گوێرەی زانیاریی ماڵپەڕی full-timewhistl تا ئێستا توركیا رەزامەندیی دەربڕیوە كە مەشق و راهێنان بە 2 هەزار سەربازی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بكات، هەروەها مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگەیش دەكات.
ئەگەرچی تا ئێستا رۆڵی توركیا بە شێوەیەكی پڕاكتیكی لە دژی تیرۆریستانی داعش نەبینراوە، بەڵكە هێندێ مێدیای جیهان نووسویانە كە توركیا هاوكاریی تیرۆریستانی داعش دەكات! بەڵام پێدەچێت توركیا مەشق و راهێنانی هێزێكی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و مەشقپێكردنی 2 هەزار سەربازی ئۆپۆزسیۆنی سووریایی كردبێتە بەرچاوڕوونییەك بۆ ئەمەریكا كە بەو شێوەیە رۆڵ دەگێڕێت.

تا ئێرە ئەمە رۆڵێكی كردەیی توركیایە، بەڵام ئەمەریكا چی لە توركیا دەوێ؟ ئایا ئەمەریكا پێویستی بە بەشداریی توركیا لەو جەنگە هەیە؟ ئەم دوو وڵاتە نزیكن بە رێككەوتن بگەن؟ بۆ زیاتر وردبوونەوە لە چەقی رێككەوتنەكە و گەییشتن بە وەڵامی ئەو پرسیارانە رۆژنامەی the Wall Street Journal  نووسیویەتی كە، ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا و توركیا بە مەبەستی بەشداری توركیا لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە رێككەوتنی كۆتایی نزیك بوونەتەوە.
رۆژنامەكە ئاماژەیشی داوە كە، ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمان دەیانەوێ بنكەی ئاسمانیی توركیا بۆ هێرشكردنەسەر تیرۆریستانی داعش بەكار بهێنن.
بەگوێرەی زانیاریی رۆژنامەكە، توركیا رەزامەندی دەربڕیوە كە، 2 هەزار سەربازی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و هێزێكی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان مەشق و راهێنان پێ بكات.
بە گوێرەی مێدیاكانی ئەمەریكا بۆ هێرشكردنەسەر تیرۆریستانی داعش ئەمەریكا بە ڕاشكاوی بە توركیای گوتووە كە دەبێ بنكەی ئینجەرلیكی توركیایی بەكار بهێنرێت و،  بە شێوەیەكی  زارەكیش توركیا رەزامەندیی دەربڕیوە.

شاو كوردی

هەواڵی پەیوەندیدار