هێمن هەورامی: پێشمەرگە وەك هێزە تاقەنەكەی سەر زەوی لە پێشڕەوییەكی بەردەوامدایە
هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پێوەندییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی)، لە پێشوازیی هەردوو كۆنسووڵی گشتیی دەستەڵاتی فەڵەسیتن و ئوردن كە، بە جیا پێشوازیی لێ كردن، رایگەیاند كە، "هێزی پێشمەرگە وەك هێزە تاقەنەكەی سەر زەوی لە پێشڕەوییەكی بەردەوامدایە و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا مژدەی سەركەوتنی گەورەتر بە گوێی كوردستانیاندا دەدەین".
ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسی پێوەندییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی) لە مەكتەبی پێوەندییەكان بە جیا پێشوازی لە هەردوو كۆنسووڵی گشتیی ئوردن و فەڵەستین كرد.
(هێمن هەورامی) دوای بەخێرهێنانی هەردوو شاند، رۆشنایی خستە سەر رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان و گوڕانكارییەكانی خستە بەرباس و گفتوگۆوە، پێوەست بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، (هەورامی) رایگەیاند، "هێزی پێشمەرگە وەك هێزە تاقەنەكەی سەر زەوی لە پێشڕەوییەكی بەردەوامدایە و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا مژدەی سەركەوتنی گەورەتر بە گوێی كوردستانیاندا دەدەین".
بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، باسی لە پێوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و هەریەكە لە ئوردن و فەڵەستین كرد و هیوای خواست پێوەندییەكانیان فراوانتر و بەردەوامتر بن.
لای خۆیەوە كۆنسووڵی گشتیی ئوردن ( فایز ئەلخوری) خۆشحاڵیی خۆی بەو سەقامگیری و ئارامییەی هەرێمی كوردستان دەربڕی و رۆڵی لایەنە ئەمنییەكانی كوردستانی بەرز نرخاند، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیشیدا ئاماژەی بەو پێوەندییە لە مێژینانەی نێوان گەلی ئوردن و هەرێمی كوردستان كرد و هیوای بەردەوامی و پەرەپێدانی زیاتری خواست.
هاوكات كۆنسووڵی دەستەڵاتی فەڵەستینی (نەزمی حزووری)، دوای ستاییشكردنی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە قارەمانەكان، لە خۆڕاگرییان بەرانبەر تیرۆریستانی داعش، خۆشحاڵیی خۆی پێوەست بەو جۆرە دیدارانە دەربڕی و رایگەیاند، "لە داهاتوودا دەبێت پێوەندییەكانمان چڕتر بكەینەوە، چونكە كوردستان نموونەیەكی جوانە بۆ پێكەوەژیان لە ناوچەكەدا، هاوشێوەبوونی (بیت ئەللەحم) و (عەینكاوە) نیشانەی ئەو یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیانەیە كە بووەتە جێگای شانازی بۆ هەردوو گەل".
كۆنسووڵی دەستەڵاتی فەڵەستینی پێوەست بە پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوانیان ئاشكرای كرد كە، لە داهاتوودا شاندێكی بزووتنەوەی (فەتح) سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و، هەروەها لە مانگی یەكی ساڵی نوێدا بزووتنەوەی فەتح گۆنگرە ئەنجام دەدات. (نەزمی حزووری) ئامادەبوونی نوێنەری پارتیی دیموكراتی كوردستانی لە كۆنگرەكەدا بە گرینگ زانی و هیوای خواست كە بتوانن ئامادەی كۆنگرەكە بن.
(هێمن هەورامی) بەخۆشحاڵییەوە بانگهێشتەكەی بۆ كۆنگرەی بزووتنەوەی فەتح پێ گرینگ بوو بە مەبەستی پەرەپێدانی پێوەندیی نێوان هەردوو لا.




