سەرۆك بارزانی: مومکین نییە حکوومەتێکی مەرکەزی شمولی لە عێراقدا هەبێت و حوکمی ئەم وڵاتە بکات

هەولێر-KDP.info- (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند، داعش توانی زیاتر لە 1700 ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی لە سوپای (مالیکی)ـیەوە دەست بکەوێت، ئەمە جگە لە تۆپ و زەخیرەی زۆر کە لە ژماردن نایەن، ئەم ئۆتۆمبێلانە تواناکانی داعشی زیاتر کرد . هاوکات جەخت دەکاتەوە، تا داعش لە مووسڵ بێت هەروا بەهێز دەمێنێت، بۆیە پێویستە مووسڵ لە داعش خاوێن بکرێتەوە، لەوکاتەدا دەتوانرێت بگوترێ داعش بە تەواوی تێکشکێندرا.
لەو چاوپێکەتنەدا کە کەناڵی ئەلعەرەبییە لەگەڵیدا سازی داوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) دەربارەی پرسی دابەشکردنی عێراق بە سەر سێ هەرێمی فیدراڵدا، باوەڕی وایە، "مومکین نییە حکوومەتێکی مەرکەزی شمولی لە عێراقدا هەبێت حوکمی ئەم وڵاتە بکات، ئەم سەردەمە تەواو بوو. هەبوونی هەرێم بۆ سوننە و شیعە و کورد و بوونی بەغدایش بە پایتەختی فیدراڵی، عێراق یەک دەخات، پێچەوانەکەی عێراق دابەش دەکات."
كەناڵی ئەلعەرەبییە دیدارێكی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) ساز كرد كە دوێنێ شەو پەخش كرا و (سەرۆك بارزانی) لەو دیدارەدا تیشكی خستە سەر چەند پرسێكی گرینگی ناوچەكە و شەڕی داسەپاوی داعش و ڕۆڵی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. هەروەها ئاماژەی دا كە سیاسەتی حكوومەتی پێشووی عێراق سیاسەتێكی فاشیل بوو و بووە هۆی ئەوەی ژینگە بۆ داعش دروست بێت، لە لایەكی دیكەیشەوە باسی هاوكارییەكانی هاوپەیمانانی كرد و، مەسەلەی پڕچەكیی داعشی بە هۆی ئەو دەستكەوتە زۆرەی لە سوپای (مالیكی) دەستیان كەوت وەك هۆیەك گێڕایەوە بۆ ئەوەی لە سەرەتادا داعش چەند ناوچەیەكی كوردستان داگیر بكات، هەروەها چوونی پێشمەرگە بۆ مووسڵ بە مەسەلەیەكی هەستیار دادەنێت، بۆیە گرتنەوەی مووسڵ بە ئەركی سوپای عێراق دادەنێت، هەر لە میانەی وەڵامدانەوەكانیدا، هەوڵی سەرەتای (عەبادی) لە رووی نەهێشتنی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، كە (مالیكی) دایمەزراندبوو بە گرینگ وەسف كرد. ئەمەیش دەقی چاوپێكەوتنەكەیە:
❊ چارەگە سەدەیەكە پێشمەرگە بەم شێوەیەی ئەمڕۆ شەڕی نەكردووە، ئایا بۆ ئەم شەڕە ئامادە بوون؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ ئەم شەڕەیان یەكەمین شەڕی راستەقینەیە بۆ كورد لە دوای راپەڕینی 1991، ئێمە ئامادە بووین، بەڵام بە شێوەی ویستراو ئامادە نەبووین. هێزە سەرەكییەكان یان لە شوێنی دیكە بوون و ژمارەیەكی زۆری شارەزایانی شەڕ خانەنشین كرابوون، یانیش بەتەمەن بوون و نەیاندەتوانی ئەركەكە بە تەواوی بەجێ بگەیەنن، نەوەیەكی نوێی گەنجان ئەركی بەرگریكردنی سنووری كوردستانی جێبەجێ دەكرد، بۆیە لە سەرەتادا شەڕەكە قورس بوو.
❊ ئایا دەتوانین بڵێین، هەرێمی كوردستان بە تەواوی لە داعش خاڵییە؟ ئایا توانیتان سنووری هەرێم لە ڕووی سەربازییەوە بپارێزن؟
سەرۆك بارزانی: دەتوانم بڵێم 90%-ی ناوچەكانی هەرێم ئێستا پارێزراون و تەنیا شنگال ماوە.
❊ پلانی سەربازیتان بۆ شنگال چییە؟
سەرۆك بارزانی: پلانی سەربازی و بڕیار ئەوەیە یەك بستی خاكی كوردستان لە دەستی داعشدا نەمێنێت، بەڵام ناتوانم باسی وردەكارییەكان بكەم، بەڵام بڕیاری ئێمە ئەوەیە تا دوایین مەتری خاكی كوردستان لە داعش خاوێن بكەینەوە.
❊ با زیاتر باسی تواناكانی پێشمەرگە بكەین، ژمارەیەكی باشی جەنگاوەری كۆن و نەوەی تازەی پێشمەرگەمان بینی، بەڵام ئەو شەڕە جیاوازە و تەكنیكی جیاوازە، ئایا پێشمەرگە ئەو توانایەی هەیە بۆ ئەم شەڕە؟
سەرۆك بارزانی: جەنگاوەرانی كۆن، ئەوەی توانای شەڕی ماوە، توانییان وەكو خۆبەخش خۆیان بگەیەننە بەرەكانی شەڕ و رۆڵی گەورەیان هەبوو و توانییان ورەی گەنجان بەرز بكەنەوە و زۆریان لێ فێر بوون، ئێستایش ئەم گەنجانە توانییان شارەزاییان لێ وەربگرن و تواناكانی خۆیان سەلماند. بەڵێ ئامادەیی هەیە و لەسەر ئەرزی واقیعدا توانییان داعش لە زۆر شوێندا بخەنە دەرەوە، دەتوانین بڵێین ئەوان تاكە هێز بوون توانییان بەرەوڕووی داعش بوەستن، بەپێچەوانەی شوێنی دیكە، كە تەنیا بەبیستنی ناوی داعش شوێن و ناوچەكانی خۆیان جێ هێشت و ڕایان كرد.
❊ مەبەستتان سوپای عێراقە؟
سەرۆك بارزانی: سوپای سووریا و سوپای عێراق و رێكخستنەكانی دیكەیش، كە نەیانتوانی رووبەڕووی داعش ببنەوە، دەتوانم بڵێم پێشمەرگە تاكە هێز بوو شكستی بە داعش برد و لەزۆر لە بەرەكان لە ڕووی وەستا.
❊ بەڵام جەنابی سەرۆك، ئەو چەكانەی بینیمان لە دەستی پێشمەرگە، باشن بەڵام لەو باشییەدا نین و لە ئاستی چەكداری داعشدا نین، لەبەر چی؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ ئەمە ڕاستە، ئێمە ئازاد نین بۆ هەڵبژاردنی سەرچاوەی كڕین و دابینكردنی چەك و بەپێی رێككەوتنمان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا دوای رزگاركردنی عێراق لە ساڵی 2003 دەبووایە هێزی پێشمەرگە بەشی خۆی لە چەك و ئامادەسازییەكانی سوپای عێراقدا هەبێت، بەڵام حكوومەتی پێشوو ئەم رێككەوتنەی جێبەجێ نەكرد و، داوایشیان لە زۆربەی وڵاتانی دونیا كرد چەك نەفرۆشنە پێشمەرگە. ئەو چەكەی لە دەستی پێشمەرگەدایە چەكی كۆنن و لە دەستكەوتەكانی سوپای كۆنی عێراقییە، یان لە سەرچاوەی دیكەی نارێكخراو و نافەرمی بەدەستیان كەوت. لەماوەی كۆتاییدا چەك وپاڵپشتیمان لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەدەست كەوت، بەڵام لە ڕووی ژمارە و جۆری چەكەكانەوە لە ئاستی پێویستدا نییە. بەڵام هێزی دیكەی غەیری پێشمەرگە بەو چەكانە نەیدەتوانی وەكو پێشمەرگە ئەم شەڕە بكات، ئەوان موعجیزەیان هێنایە دی.
❊ هاوپەیمانان چ جۆرە چەكێكیان دایە ئێوە؟
سەرۆك بارزانی: ئەوان زیاتر زەخیرەیان پێشكەش كردین نەوەكو چەك، ئەڵمانیا چەكی میلانی پێ داین كە رۆڵ و كاریگەریی گەورەی هەبوو، ئەمە جگە لە ڕەشاشی مامناوەندی لە فەڕەنساوە كە كاریگەریی زۆری هەبوو، چەكەكانی دیكە تا ئێستا پێمان نەگەیشتوون و چەكی دیكەیش هێشتا نەگەیشتوون.
❊ داعش چ توانایەكی چەكداریی هەیە؟
سەرۆك بارزانی: داعش توانی زیاتر لە 1700 ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی لە سوپای (مالیكی)ـیەوە دەست بكەوێت، ئەمە جگە لە تۆپ و زەخیرەی زۆر كە لە ژماردن نایەن، ئەم ئۆتۆمبێلانە تواناكانی داعشیان زیاتر كرد، بە تایبەتی لە رۆژانی یەكەمی هێرشدا، كە توانی چەندین گرفت بۆ پێشمەرگە دروست بكات و دواتر مەسەلەكە چارەسەر بكات. ئەوان بۆمب زۆر بەكار دێنن و شارەزایی باشیان لە بەكارهێنانی هاوەن هەیە، ئەمە جگە لە هەبوونی نیشانەشكێن، بەڵام تواناكانیان زیاتر لەسەر ئەو زرێپۆشانەیە كە بەدەستیان كەوتوون. داعش چەكی زۆری لە سوپای (مالیكی) و سوپای سووریا دەست كەوت.
❊ دەڵێی سوپای (مالیكی)، نەك سوپای عێراق؟ چونكە كەناڵەكەیشمان بەوە تاوانبارە كە ناوی لە سوپای عێراق ناوە سوپای (مالیكی)، دیارە ئێوەیش لەگەڵماندا هاوڕان؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ ئەمە سوپای (مالیكی) بوو، سوپای عێراق نەبوو. من پەیوەندیم بە (عەرەبییە)ـوە نییە، بەڵام لە ڕووی عەمەلییەوە سوپای (مالیكی) بوو، بۆیە شكستی هێنا و رووخا، (مالیكی) نووسینگەی سەركردەی هێزە چەكدارەكانی پێك هێنا و هەموو دەسەڵاتەكانی لەو نووسینگەیەدا كۆ كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك یاسایی نەبوو، ئەو دەسەڵاتی لە وەزیری بەرگری و سوپاسالار و هەموو سەركردە سەربازییەكان وەرگرتەوە، ئەو نووسینگەیەیش لەوە سەركەوتوو نەبوو سوپایەكی نیشتیمانی پێك بهێنێت، بۆیە سوپا وەلایەكی تایبەتی بۆ تاكەكەس هەبوو نەوەكو بۆ نیشتیمان، بۆیە ئەو سوپایەی لە ماوەی 10 ساڵدا ئەمەریكا و ناتۆ پێیەوە ماندوو بوون، بە دە سەعات رووخا و شكستی هێنا، ئەوە سوپای عێراق نەبوو.
❊ چی لەگەڵ ئەو سوپایە رووی دا كە بەم شێوەیە رووخا كەوتە دەستی تیرۆریستان و خەریك بوو هەولێریش وای بەسەر بێت؟
سەرۆك بارزانی: هەولێر تووشی مەترسی هات، بەڵام شكستی نەهێنا و نەكەوت، نە ڕووخا و لەسەر لێواری رووخان نەبوو و مومیكن نییە بڕووخێت. بەڵێ داعش نیو سەعات لە هەولێرەوە دوور بوو، ئەمەیش مەودا و ماوەیەكی كەم نییە، هێزی بەرگریكار هەبوو. سوپای عێراق وەلای بۆ نیشتیمان نەبوو و رێگە بە ئەفسەرە كۆنەكانی سوپا نەدرا رۆڵ لەو دەزگایەدا بگێڕن، هیچ عەقیدەیەكی سەربازی نەبوو كە سوپای لەسەر دروست بكرێت، ئەمە جگە لە هەبوونی گەندەڵییەكی زۆر كە وایان كرد ئەو سوپایە دروست نەبێت، كەوتنی مووسڵ بە هۆی رەفتاری سەركردەكانی سوپای عێراق بوو، كە لە بەغداوە هاتن بۆ پاراستنی مووسڵ و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەكان تیایدا، كە لەگەڵ یەكەمین هاوەن كەوتە نێو سەربازگەی غزلانی، ئەوان رایان كرد و شوێنی خۆیان جێ هێشت، بەم شێوەیەش سوپا رووخا.
❊ بەڵێ ڕاستە، بەڵام لە ڕووی سیاسییشەوە، ژینگەیەكی لەباوەشگرەوەی داعش هەبوو لەو ناوچەیەدا؟
سەرۆك بارزانی: سیاسەتی حكوومەتی پێشوو سیاسەتێكی فاشیل بوو و توانی ژینگەیەكی لەبار بۆ داعش دروست بكات، یەك ساڵ لەمەوبەر ئێمە زانیاریمان لەسەر ئەوە هەبوو كە داعش دەیەوێ چەند بنكەیەك لە رۆژئاوای مووسڵ دابمەزرێنێت، من بە بەڕێز (مالیكی)ـم گوت و داوام لێی كرد ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی سەربازی ئەنجام بدەین، دواتر بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵی كرد، بەڵام ئەو هیچ گوێی بەم مەسەلەیە نەدا، پێشی رووخانی مووسڵیش بەچەند رۆژێك، داوامان لە (مالیكی) كرد رۆڵمان لە رێگەگرتن لە كەوتنی مووسڵ هەبێت، بەڵام ئەو قبووڵی نەكرد، من بە ڕووخانی مووسڵ تۆمەتباری ناكەم، بەڵام ئەو پشتی بە چەند هێزێكەوە بەست كە ئامادە نەبوون بۆ شەڕ لە مووسڵ، ئەو وای دەزانی ئەوانەی بۆ مووسڵی ناردوون ئەو ناوچەیەی بۆ دەپارێزن، بەڵام شكستیان هێنا.
❊ هەندێك هۆزی عەرەبی سوننە هەن لەگەڵ داعش لە دژی چەند هێزێكی بەرگری میللی و پێشمەرگە شەڕ دەكەن، ئایا ئەمە بە شەڕێكی نێوان سوننە و شیعە ناچێت؟
سەرۆك بارزانی: ناكرێ ئەم واقیعە ئینكار بكرێت، بەڵام هۆزی سوننەیش هەن كە ئامادەن لە دژی داعش شەڕ بكەن و هیوادارین حكوومەتی تازەیش لەو گرێیە و لەو گرفتە رزگاری ببێت، شەڕی دژی داعش بەرگرییەكی میللیی بەهێزی دەوێت بە هاوكاریی شیعە و سوننە و كورد، وا بە ئاسانی نییە.
❊ بە بۆچوونی تۆوە كێ شەڕەكە یەكلا دەكاتەوە؟
سەرۆك بارزانی: دەبێ سوپای عێراق ئەم پرسە یەكلا بكاتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم سوپایە پێویستی بە كاتە، بەرگریی میللی و سەحوە و هۆزەكان دەتوانن رۆڵ بۆ پاڵپشتیكردن لە سوپا ببینن.
❊ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراق هیچیان لە بەردەستدایە بۆ هۆزەكانی سوننە پێشكەشی بكەن؟
سەرۆك بارزانی: پێویستە یارمەتییان بدرێت، بەڵام لە ڕووی عەمەلییەوە ناتوانم ئەوە دووپات بكەمەوە كە ئایا پاڵپشتی كراون یان نا، جارجاریش شكایەتی هەندێك هۆزی سوننەم بەر گوێ دەكەوێت لەبارەی نەبوونی یارمەتی بۆ ئەوان، بە تایبەتی لە ڕووی چەكداریكردن و پاڵپشتیكردن.
❊ سەیر لەوەدایە، فڕۆكەی بەهێزی سوپای ئەمەریكا، بەهێزترین شەڕوان و جەنگاوەری پێشمەرگە و بەرگریی میللی لە دژی داعش شەڕ دەكەن، بەڵام ئەوە شەش مانگە داعش لە مووسڵدایە، بەڵێ شوێنی زۆرتان لە كوردستانی عێراق رزگار كرد، بەڵام هێشتا داعش بەهێزە ئەمە چۆن روون دەكەنەوە؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ راستە، تا داعش لە مووسڵ بێت هەروا بەهێز دەمێنێت، بۆیە پێویستە مووسڵ لە داعش خاوێن بكرێتەوە، لەو كاتەدا دەتوانین بڵێین داعش بە تەواوی تێك شكێندرا، لە هەرێمی كوردستان سوپاس بۆ خوا پێشمەرگە و جەماوەری كوردستان لە زۆربەی زۆری شوێنەكاندا داعشی دەركرد، بەڵام رزگاركردنی مووسڵ ئەركی حكوومەتی عێراقی فیدراڵە، ئەركی خەڵكی مووسڵە چ هی ناوشار یان هیی دەوروبەر، ئەگەر ئەوان هەر كارێكیان كرد بۆ رزگاركردنی مووسڵ ئەوكات دەبینن پێشمەرگەیش پاڵپشتییان دەكات، بەڵام پێشمەرگە بە تەنیا ناتوانێ و ناشكرێ بچێتە نێو مووسڵ، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕی كورد و عەرەب و ئەمەیش مومكین نییە قبووڵی بكەین.
❊ دەكرێ لەسەر شاشەی ئێمە بڵێیت تۆ ئامادەی یارمەتیی مووسڵ بدەیت؟
سەرۆك بارزانی: بێگومان بەڵێ.
❊ بەڵام تا ئێستا هەستیاری لەبارەی كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكان هەیە بە تایبەتی لەنێوان پێشمەرگە و حەشدی شیعە و خواستی ئەوەیان هەیە پێشمەرگە لە كەركووك بكشێتەوە؟
سەرۆك بارزانی: ئێمە ئەو ناوچانەمان پاراست، ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە ئەو ناوچانە دەكەوتنە دەست داعش، بۆ ئێمە كەركووك شارێكی كوردستانییە و ناسنامەكەی كوردستانییە، بەڵام رێككەوتنێك لەبارەی چارەكردنی ئەو كێشەیە هەیە (ئاساییكردنی بارودۆخ، سەرژمێری ئینجا ریفراندۆم) كە تیایدا خەڵكی كەركووك خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن، بۆیە ئێمە هیچ مۆركێكی دیاریكراومان نەسەپاندە سەر كەركووك، بەڵكو پاراستمان و چارەسەری كەركووكیش بەپێی دەستوورە كە خودی دانیشتووانی شارەكە بڕیاری لەسەر دەدەن و ئێمە رێز لە بڕیارەكەیان دەگرین.
❊ واتا ئێستا ئامادە نین لە كەركووك بكشێنەوە؟
سەرۆك بارزانی: گریمان لە كەركووك كشاینەوە، دوای كشانەوەمان بە چەند سەعاتێك داعش كۆنترۆڵی دەكەن، بێگومان ناكشێینەوە.
❊ ئایا راوێژكاری سەربازیی ئێرانی لە شەڕی دژی داعش هەن؟
سەرۆك بارزانی: هیچ هێزێكی شەڕكەری ئێرانی لەسەر زەوی نییە، بەڵام بەڵێ راوێژكاری سەربازی هەن وەكو هەموو دەوڵەتانی دیكە كە راوێژكاریان هەیە، ئەمەریكا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، كەنەدا و ئوستراڵیا، لەوانەیە زیاتریش، بەڵام لەیادم كرد، ئێران زەخیرەی پێشكەش كردین.
❊ وڵاتانی عەرەبی لەم شەڕەدا چییان پێشكەشی كورد كرد؟
سەرۆك بارزانی: هەندێك وڵاتی عەرەبی هەن یارمەتییان پێشكەش كردین، بەڵام بە داوای لێبووردنەوە ناویان ناهێنم و بە هێزەوە لەگەڵ ئێمەدا وەستان لەو شەڕە و سوپاسیان دەكەین، بەڵام بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەوان ناویان ناهێنم، ئەگەر ئەوان پێیان باش بوو ئەوكات بە ئاشكرا ناویان دێنم، بۆ من هیچ گرفتێك نییە و من هیچ لارییەكم نییە، بەڵام نامەوێ گرفتیان بۆ دروست بكەم.
❊ باس لەوە دەكرێت كورد لە ئەمەریكاوە نزیكە بە بەڵگەی یارمەتیدانی كورد بە شێوەیەكی زۆر خێرا دوای ئەوەی هەستیان كرد كە كوردستان لە مەترسیدایە، ئایا بەم جۆرە تۆ لەلایەن ئەمەریكاوە پاڵپشتی كراوی؟
سەرۆك بارزانی: ئەمەریكا بە سوپاسەوە پاڵپشتیی ئاسمانییان پێشكەش كردین، بەڵام مەسەلەكە تایبەتی نییە، یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان هۆكاری خۆی هەیە، هۆكارەكەیشی بۆ سیاسەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە كە سیاسەتی لێبووردەیی و پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردنی پەیڕەو كرد و تاڕادەیەكی زۆریش سەركەوتنی بەدەست هێنا، من ناڵێم ئەزموونەكە تەواو سەركەوتوو بووە، هەرێمی كوردستان بووە پێگەیەك بۆ پاراستنی مەسیحی و توركمان و ئەو عەرەبانەی لە دەستی تیرۆرەوە رایان كردووە، پێشمەرگە تەنیا بەرگرییان لە كورد نەكرد، بەڵكو بەرگرییان لە كورد و توركمان و مەسیحی و مەزهەب و ئایینەكانیان كردووە بە تایبەتی ئێزدییەكان، ئێمە شەهیدی زۆرمان بۆ پاراستنی ئەو پێكهاتانە بەخشی، بۆیە ئەمە وای كرد ئەمەریكا و ئەورووپا یارمەتیمان بدەن، بەڵام تا ئێستا ئەوەی پێشكەشیان كردووە بە رادەی پێویست نەبووە.
❊ هەندێك گرفتی تەكنیكی لە بەردەم فڕۆكەكانی ئەمەریكادا هەن، هۆشدارییش بۆ بۆردوومانی ئاسمانی هەیە، ئەم مەسەلەیە تا چەند شەڕەكەی زەحمەت كرد؟
سەرۆك بارزانی: هەندێك كۆت و بەند لە بەردەم فڕۆكەوانان هەن، ئێمە نامانەوێ هیچ كاتێك خانەوادە و خەڵكی سڤیل بۆردوومان بكرێن و هیچ كاتێك داوامان لە هاوپەیمانان نەكردووە خەڵكی سڤیل بۆردومان بكەن، هەماهەنگییەكی تەواویش لە نێوان راوێژكاران و هێزی ئاسمانی لەم بارەیەوە هەیە. بەڵام كاتێك ئەوان دەبینن داعش لە شوێنێكدایە تەنانەت ئەگەر خەڵكی مەدەنییشی تیادا بێت بۆردوومانی دەكەن، بەڵام تا ئێستا هیچ شوێنێكی سڤیل بۆردومان نەكراوە.
❊ پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا لەچ ئاستێكدان؟
سەرۆك بارزانی: پەیوەندییەكان باشن بە تایبەتی لە ڕووی ئابووری وبازرگانییەوە.
❊ گلەیی لە هەڵوێستی توركیا لە بەرامبەر كۆبانی دەكرێت، ئایا ئەوان توانییان شتێكی وا پێشكەش بكەن كە شایانی رووداوەكە بێت؟
سەرۆك بارزانی: لەبارەی پرسی كۆبانییەوە توركیا رێگەی دا هێزەكانی پێشمەرگە بەرەو كۆبانێ بڕۆن.
❊ بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانیش ئەوان رێگەیان بە داعشیش داوە بەرەو كۆبانی بڕۆن؟
سەرۆك بارزانی: من ناتوانم ئەم مەسەلەیە دووپات بكەمەوە یان رەتی بكەمەوە، بەڵام ئەوان رێگەیان دا پێشمەرگە بەرەو كۆبانی بچێت و پێشمەرگەیش توانی رۆڵێكی باش لەگەڵ شەڕوانە پاڵەوانەكانی ئەوێ بگێڕێت.
❊ چ پلانێك لەم بارەیەوە هەیە ئایا راوێژ لەگەڵ (ئەردۆغان) بەردەوامە؟
سەرۆك بارزانی: بێگومان بەردەوامە، دووپاتكردنەوەیەك هەیە بۆ بەردەوامیی هاوكاریی نێوان هەردوولا و ئێمە پێمان خۆشە پەیوەندییەكان هەمیشە پێشكەوتن بەخۆیانەوە ببینن.
❊ هەولێر و بەغدا لەو ماوەیەدا توانییان بگەنە رێككەوتنێك لەبارەی ئەو ناكۆكیانەی لەنێوان هەردوولادا هەبوون، ئایا ئەمە قابیلی بەردەوامبوونە؟
سەرۆك بارزانی: دووپاتی دەكەمەوە كە هەرێمی كوردستان ویست و خواستێكی راستەقینەی هەیە بۆ بەهێزترین هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و چارەكردنی هەموو گرفتەكان، بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم هەمان هەست لەلایەن بەغداوە دەبینین، ئەمەیش هیوای ئەوەمان پێ دەبەخشێت كە هەردوولا جیددین.
❊ چ جیاوازییەك لە نێوان (مالیكی) و (عەبادی)ـدا دەبینن؟
سەرۆك بارزانی: (عەبادی) یەكەمین كاری ئیجابی كە ئەنجامی دا، ئیلغاكردنی نووسینگەی فەرماندەی هێزی چەكدار بوو، ئەمەیان هەنگاوێكی زۆر باش بوو، دواتر بەرەو ڕووی كورد و سوننە كرایەوە و كاری باشی كرد، جاران جیاكاری هەبوو بە تایبەتی لەبارەی پرسی سوننە كە وای لێ هات دژایەتیی داعش نەكەن، (عەبادی) لە تایفەیی و جیاكاریی جارانەوە دوورە، ئەو پاڵپشتییە جەماوەرییەی بەڕێز (عەبادی) هەیەتی، (مالیكی) نەیبوو، هەر بەرپرسێك یان هەر سەركردەیەك ئەگەر پاڵپشتیی جەماوەریی نەبوو چۆن كار دەكات، (مالیكی) لە هەندێك شوێن و دەستگا كە خۆی تیادا بە بەرپرس دەبینی، وای بۆ خۆی وێنا كرد كە كەسێكی ئازایە بە تایبەت لە سوپا و پۆلیس و هەواڵگری، دواتر دیار بوو ئەمە راست نەبوو، من پێم وایە (عەبادی) بەهێزترە، چونكە پاڵپشتیی ئەو بەهێزترە.
❊ ئایا (عەبادی) بەڵێنی جێبەجێكردنی مەرجەكانی كوردی داوە؟
سەرۆك بارزانی: ویست و خواستەكانی هەرێمی كوردستان مەرجیان پێ ناگوترێت، حكوومەتی پێشوو زۆر لە ویستەكانی كوردی پشتگوێ خست و لەجیاتی ئەوەی بەدوای چارەدا بگەڕێت، بەدوای خوڵقاندنی قەیراندا گەڕا، (عەبادی) دەیەوێ چارە بۆ كێشەكان بدۆزیتەوە، جارانیش بەپێی دەستوور چارەیان هەبوو و ئێستاش رێككەوتن هەیە، پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، پرسی پێشمەرگە، پێشمەرگە بەپێی دەستوور بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراقی و پێویستە بودجەكەیشی لەسەر وەزارەتی بەرگری بێت. لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەی رابردوودا بە هیچ شێوەیەك هیچیان جێبەجێ نەكران.
❊ حكوومەتی بەغدا لەوەتەی دەستپێكردنی شەڕی داعش، هیچ یارمەتی و پاڵپشتییەكی پێشكەشی پێشمەرگە نەكردووە؟
سەرۆك بارزانی: ئێمە پێویستیمان بە بڕێكی دیاریكراوی زەخیرە هەیە ئەگەر لەلایان هەیە با یارمەتیمان بدەن، بە تایبەتی بۆ هێزەكانی چیای شنگال، حكوومەتی عێراقیش بەڵێنی داوە بە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی داونی.
❊ خاڵی دیكەی ناكۆكی چین؟
سەرۆك بارزانی: خاڵی دیكە هەن، بە تایبەتی پرسی هاوبەشی لە دەسەڵات و پرسی هەبوونی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و هەبوونی هاوسەنگی لە دەستگا سەربازییەكان بە تایبەتی.
❊ باس لەوە دەكرێت عێراق بۆ چەند هەرێمێك بە شێوەیەكی كۆنفیدراڵی دابەش بكرێت، ئایا ئێوە پاڵپشتی لەوە دەكەن؟
سەرۆك بارزانی: دەستوور رێگەی بەم پرسە داوە و ئێمەیش پاڵپشتی دەكەین، ئەمە دابەشكاری نییە، لە ڕاستیدا عێراق لە ڕووی عەمەلییەوە دابەش بووە، بەڵام بە هەبوونی هەرێمی فیدراڵی و سیستەمی فیدراڵی، بە دابەشكردنی دەسەڵات و داهات، ئەوكات عێراق بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە. مومكین نییە حكوومەتێكی مەركەزیی شمولی لە عێراقدا هەبێت حوكمی ئەم وڵاتە بكات، ئەم سەردەمە تەواو بوو. هەبوونی هەرێم بۆ سوننە و شیعە و كورد و بوونی بەغدایش بە پایتەختی فیدراڵی، عێراق یەك دەخات، پێچەوانەكەی عێراق دابەش دەكات.
❊ دەڵێیت كورد هەرێمی خۆیان هەیە، بەڵام ناڵێن دەوڵەت؟
سەرۆك بارزانی: ئێستا كورد هەرێمێكی فیدراڵییان هەیە، بەڵام مافی سەربەخۆییشیان هەیە
❊كەی؟
سەرۆك بارزانی: لە كاتی خۆیدا واتا لەو كاتەی كە شیاوی ئەو ڕاگەیاندنە بێت.
❊ كەی؟
سەرۆك بارزانی: (بە پێكەنینەوە) ئینشائەڵڵا سبەی.
❊ تۆ لەو ماوەیەدا توانیت سنووری هەرێم بپارێزیت و لەوانەیشە تا سەری ساڵ هەموو سنووری هەرێم لە داعش خاوێن بكەیتەوە، ئایا دەوڵەت رادەگەیەنیت؟
سەرۆك بارزانی: پەنا بەخوا سنووری خۆمان رزگار دەكەین، بەڵام پرسی سەربەخۆیی كارێكە جارێ پاشەكشەی لێ ناكرێت و ئامانجێكی گەورەیە بۆ گەل و نەتەوەی كورد، بەڵام هیچ هەنگاوێك بە بێ هەبوونی ئەنجامی پۆزەتیڤانە نانێین كە گەرەنتیی سەركەوتنی پرۆسەكە بكەین.
❊ ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ ئاماژەیەكی بە تۆ داوە بۆ پاڵپشتیكردنی ئەم هەنگاوە؟
سەرۆك بارزانی: هاوسۆزی هەیە، گۆڕانكاریی زۆریش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ تێگەییشتنی ئەم ماف و ئامانجە.
❊ ئا ئەو ساتە ئێوە بەسەر داعش سەركەوتوون، ئەم سەركەوتنە هیچ هێمایەك بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدات بۆ ئامادەبوونت بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی؟
سەرۆك بارزانی: ئەو سەركەوتنە سەربازییە وامان لێ ناكات تووشی غروور بین، بەڵێ شتێكی زۆر خۆشە، بەڵام پرسی سەربەخۆیی كوردستان ناكرێ بە هیچ پرسێكی دیكەوە گرێ بدرێت، چونكە ئەگەر سەریش نەكەوین لەو ئامانجەی خۆمان پاشەكشە ناكەین، لەوانەیە ئەو مەسەلەیە دیدی خەڵكی دیكە لەبارەی كوردەوە بگۆڕێت بەوەی توانیمان بوونی خۆمان بسەلمێنین.
❊ هەندێك لە كوردانی سووریا گلەیی ئەوە دەكەن كە (سەرۆك بارزانی) هیچی وای پێشكەش نەكردین كە شایانی باس بێت، ئایا توانیت شتێكی باشیان پێشكەش بكەیت ئەگەر نا رێگرییەكان چی بوون؟
سەرۆك بارزانی: ئەوان ئەو دیدەیان هەبوو، چونكە دوور بوون و ئاگاداری بارودۆخەكە نەبوون، ئێمە هەموو شتێك كە لە بەردەستماندا بووبێت، توانیمان پێشكەشی برایانمانی بكەین لە كوردستانی سووریا و شەڕوانانیش باش دەزانن ئێمە چیمان كرد، ئەمەیش ئەركێكە لەسەر شانی ئێمە، كاتێكیش كۆبانی تووشی ئەو هێرشە بوو بوو لەگەڵ داعش، ئێمە زۆر شتمان پێشكەش كردن، تەنانەت پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی خۆمان بەكار هێنا بۆ پێشكەشكردنی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ كۆبانی، ئەمەیش رووی دا، ویستیشمان هێزی زیاتر بۆ كۆبانی بنێرین، بەڵام ئەوان تەنیا هێزی پاڵپشتیان ویست، بۆیە كاتێك رێگەیەكمان بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگە دەست كەوت، درێخیمان نەكرد و هێزمان نارد، هەر كاتێكیش هەرچییان پێویست بێت و ئەوەی لە دەستمان بێت بۆیان، درێخی ناكەین.
❊ كەی دەتوانی بە پەنابەر و ئاوارەكان بڵێیت بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆتان؟
سەرۆك بارزانی: زۆر لادێ و شوێن هەن لەو جێگایەی ئێمە تیایداین خەڵكەكەی گەڕانەوە شوێنی خۆیان، شوێنی دیكەی وەكو زومماریش هەن زۆر لە شوێن و ماڵەكانیان پێویستیان بە خاوێنكردنەوە هەیە لە بۆمبی چێندراو، كە پێویستی بە تەكنەلۆژیای تازە هەیە بۆ لەناوبردنیان و، ئەم تەكنەلۆژیایە لای ئێمە دەست ناكەوێت، بۆیە بە هاووڵاتیانمان گوت جارێ نەگەڕێنەوە، چونكە بەداخەوە خەڵكێكی زۆر كە گەڕانەوە بە كردنەوەی دەرگا و پەنجەرەكانی ماڵەكانیان بە تەقینەوەی بۆمبی چێندراو شەهید بوون. هەر شوێنێك كە بزانین خاڵییە لە بۆمب و مین بە خەڵكەكەی دەڵێین بگەڕێنەوە، داوامان لە هاوپەیمانانیش كرد یارمەتیمان بدەن بۆ لەناوبردنی ئەم مینانە، لەو كاتەدا ژمارەیەكی زۆریان دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
❊ لە عەینكاوە ئەوەی سەرنجی راكێشام، زۆریی ئاوارەكان بوو كە لە خەڵكی عەینكاوە زیاترن؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ راستە، زۆربەیشیان مەسیحین لە دەوروبەری مووسڵ لە حەمدانییە و تلكێف، ئێمە دەتوانین رزگاریان بكەین، بەڵام هێشتا لە ژێر نیشان و مەودای داعشن، بۆیە ئەگەر رزگاریشیان بكەین ناكرێ بگەڕێنەوە تا مووسڵ ئازاد نەكرێت. ئێمە بە لەباوەشگرتنی ئاوارەكان ئەركێكی نیشتیمانی و مرۆیی ئەنجام دەدەین، بەڵێ ئەو بارودۆخە بووەتە بارێكی قورس لەسەر هەرێم، بەڵام ئەوان بەشێكن لە ئێمە و دەبێ بیانپارێزین، بۆیە پێویستە لایەنی نێودەوڵەتییش یارمەتیمان بدەن، چونكە ئاوارەكان ژمارەیان گەیشتە زیاتر لە 2 ملیۆن.
❊ ئاوارەكان جۆراوجۆرن واتا لە ئایین و تایفەی جیاجیان، ئایا ئەمە گرفت بۆ هەرێم دروست ناكات؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر بە پێچەوانەوە، ئەمە خاڵی گرنگی شانازییە بۆ ئێمە بە هەبوونی كولتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی و قبووڵكردنی بەرامبەر، ئەمەیش رەنگدانەوەی كولتووری خەڵكی كوردستانە، هەندێك گوند و لادێ هەن لە كوردستان چەندین نەتەوە و ئایین لە خۆ دەگرن و بە برایەتی و ئارامی و لێبووردەیی دەژین.
❊ ئەگەر دیموگرافیا گۆڕدرا، واتا ئێزدی و مەسیحی نەگەڕانەوە و لە كوردستان مانەوە و شوێنەكانی دیكەیش كە كورد و عەرەبی تیادایە هەمان شتی بەسەر هات، بارودۆخ ئەو كاتە چی دەبێت؟
سەرۆك بارزانی: هیچ گۆڕانكارییەكی دیموگرافی روو نادات، مەسیحییەكان لە وڵاتی خۆیاندان ئەگەر ویستیان بمێننەوە با بمێنن، لاریمان نییە.
❊ هەندێك پرسیاری تایبەتیتان ئاراستە دەكەین، جەنابی سەرۆك دوای ئەو هەموو تەمەنە دیسان گەڕانەوە بەرەكانی شەڕ، ئێوە ویستتان بێینە ئەم شوێنە و ئەو رێگەیە ببڕین، چی وای لێ كردن خۆتان بچنە بەرەكانی شەڕ، لە كاتێكدا پێشمەرگەیەكی زۆرتان هەیە؟
سەرۆك بارزانی: كاتێك وڵات تووشی مەترسی دەبێت، بۆ من و بۆ هەر بەرپرسێكی دیكە، ئەولەوییەت بەرگریكردنە لە وڵات، هەبوونی منیش لە بەرەكانی شەڕ یارمەتیی بەرزكردنی ورەی پێشمەرگە دەدات و ئەمەیش لە ئەولەویاتی ئەركی منە.
❊ پێشبینیی گەڕانەوەتان بۆ بەرەكانی شەڕ دەكرد؟
سەرۆك بارزانی: بە ڕاستی پێشبینیی هێرشی لەم جۆرەم نەدەكرد ، بەڵام لە ڕووی دەروونییەوە هەموو كاتێك بۆ ئەم بارودۆخە ئامادە بووم.
❊ ئایا لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان نیگەرانن؟
سەرۆك بارزانی: من لە بارودۆخی تەواوی ناوچەكە نیگەرانم، بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان دڵنیام پێشمەرگە و جەماوەری كوردستان بە هەر نرخێك بێت خاك و وڵاتی خۆیان دەپارێزن، بەڵام بارودۆخ بە گشتی زۆر ئاڵۆزە، تەنانەت لە بەرایی ئەمساڵەدا لە داڤۆس من هۆشداریم دایە هەموو ئامادەبووانی ئەو سیمینارەی بەشداریمان تیادا كرد لە بارەی مەترسی تیرۆر كە بەداخەوە رووی دا.
❊ مێژووی خانەوادەی بارزانی پڕە لە خەبات و شەهید و خوێن، ئایا خۆشتان بە هەڕەشەلێكراو دەزانن؟ ئایا ئامانجن بۆ تیرۆریستان؟
سەرۆك بارزانی: هەموو كاتێك ئامادەم لە پێناو نیشتیمانی خۆمدا بمرم، من هەڕەشەم لێ دەكرێت، بەڵام ناترسم.
❊ كێن دوژمنانت؟
سەرۆك بارزانی: دوژمنانی گەلی كورد و دوژمنانی مرۆڤایەتی، دوژمنی منن.






