لە هەرێمی کوردستان یادی ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیرا.. سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرن

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ 17/12/2014 لە سەرجەم فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن و پەرلەمانی کوردستان و، ئەنجوومەنی وەزیراندا یادی ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیرا و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش پێوەست بەو یادە پیرۆزە سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرن کە، لە ئێستادا لە دژ تیرۆریستانی داعش لە بەرەی جەنگ دان.

پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 17/12ـی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دیاری کردووە و، بەو بۆنەیەشەوە ساڵانە لە هەرێمی کوردستان ڕێوڕەسمی جیاجیا بەو بۆنەیەوە ساز دەکەن.
هاووڵاتی (شەمسەدین محەممەد) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "پێویستە ڕێز لە ئاڵای خۆمان بگرین و ئەو بۆنەیە بەرز ڕابگرین، بۆ ئەوەی هەموو جیهان بزانێت ئێمە خاوەن ئاڵای خۆمانین، هەموو وڵاتێک بە ئاڵاکەیەوە ناسراوە، بۆیە پێویستە ئێمەیش ئەو یادە بکەینەوە.
هاووڵاتی (پیرس محەممەد) گوتی: هەموو ساڵێک بۆ خۆم دەچم بۆ ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی ئاڵای کوردستان و، جلی کوردی دەپۆشم و، بە رۆژێکی پیرۆزیشی دەزانم، هەقە هەموو کوردێکیش ڕێز لە ئاڵای خۆی بگریت.

ئەمڕۆ لە زۆربەی ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی ئاڵای کوردستان، هاووڵاتیان بە جلی کوردییەوە دەوامیان کرد و، لە ڕێوڕەسمی یادی ئاڵای کوردستاندا بەشدارییان کرد، سڵاویشیان بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانەکانی بەرەی جەنگ نارد کە ئێستا لە دژی تیرۆریستانی داعش دەجەنگن و لە ژیچر سایەی ئەو ئاڵایەوە پارێزگاری لە خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئاڵای کوردستان لە سێ ڕەنگی سوور و سپی و سەوز پێک دێت و، خۆرێکیش لە ناوەڕاستەکەیدایە، هەر ڕەنگێک و مانای خۆی ھەیە، ڕەنگی سوور نیشانەی خوێنی شەهیدانە؛ سپییەکەی نیشانەی ئاشتەوایی و پێکەوەهەڵکردنی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستانە، سەوزەکەیشی نیشانەی ئاوەدانی و، گەشەسەندنەوەی کوردستانە، خۆرەکەی ناوەڕاستیشی زەردە و، 21 تیشکەکەیشی ئاماژەی دەستپێکی نەورۆزە لە 21ـی ئاداردا.
پاشخان
ئاڵای کوردستان
کاتی خۆی پێشەوا (قازی محەمەد) ئاڵای کوردستانی سپاردە باوکی ڕۆحی کورد، (بارزانی نەمر)، لە ژێر ئەو ئاڵایەشدا (بارزانی نەمر)، سەدان داستانی قارەمانیەتیی بۆ نەتەوەی کوردستان تۆمار کرد، کە شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلوول و گوڵان و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و حکوومەت بەرهەمی ئەو خەباتەیە.
ساڵی 2009 پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا کە ڕۆژی 17-ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی ئاڵا و، لەو ڕۆژەیشدا سەرجەم ئاڵاکانی سەر دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بگۆڕدرێن و، نوێ بکرێنەوە. لەبەر ئەوەیش ئەو ڕۆژەیان کردووەتە ڕۆژی ئاڵا، کە لە 17ی کانوونی یەکەمی 1947ـدا ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کۆماری کۆماری کوردستان مەهاباد هەڵکرا.
پێناسەی ئاڵای نەتەوەیی کوردستان
ئاڵای کوردستان لە سێ ڕەنگ و دروشمەکەی ناوەڕاستی پێک هاتووە.
ڕەنگەکان:
ئاڵای کوردستان لاکێشەیەکی ئاسۆییە؛ لاکێشەی سەرەوە ڕەنگی سوورە، ئەوەی ناوەند ڕنگی سپییە و، لاکێشەی خوارەوە ڕەنگی سەوزە. بەریناییەکەی دوو بەشی درێژییەکەیەتی .
دروشمی نەتەوەیی:
دروشمە نەتەوایەتییەکەی ئاڵای کوردستان خۆرێکی زێڕینە، ئەم خۆرە 21 تیشکی داوەتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئاڵاکە، خۆری زێڕین بە پەڕەکانیەوە یەک (1) پێوەرە و بەبێ پەڕەکان نیو (0.5) پێوەر، ئەم پەڕانە شێوەیان ڕاستە و لە دەرەوە خاڵێکی تیژ دروست دەکەن. خۆرەکە دەبێ ڕێک لە چەق (ناوەندی) ئاڵای کورستان جێگیر بێت.
خۆر بەشێوەیەک جێگیر کراوە کە ستوونی ناوەندی ئاڵا بە ناو خاڵە تیژەکەی بەرزترین پەڕ (تیشک)ـدا تێدەپەڕێت .
چۆنیەتیی پێکهاتەی ڕەنگەکان :
ڕنگەکانی ئاڵای کوردستان بە شێوەی خوارەوەیە: سوور، سەوز و زەرد
شێوەکانی بەکارهێنانی ئاڵا:
هەڵواسینی بە دارا؛ پێویستە خۆرەکەی لە هەردوو ڕووەوە دیار بێت .
بەرزکردنەوەی لە باری پانی، ڕەنگی سور لە سەرەوە و ڕەنگی سەوز لە خوارەوە. بەرزکردنەوەی لە باری درێژی، ڕەنگی سوور لە لای چەپ و، ڕەنگی سەوز لە لای ڕاست. لە یەخەدانی وەک ڕۆزێت لەسەر سینگ، لە لای چەپ لەسەر دڵ هەڵدەگیرێت. کە دەنرێتە سەر مێز، پێویستە بە لای چەپدا بشکێتەوە.
بڵند ئیبراهیم






