دەزگای هەڵبژاردنی پارتی کاری لیژنەی مەکتەبەکانی هەڵبژاردنی هەڵدەسەنگێنێ

هەولێر-KDP.info- دەزگاى هەڵبژاردنى پارتیى دیموکراتى کوردستان، بڕیاری دا لیژنەیەک بۆ هەڵسەنگاندنى کارى مەکتەبەکانى هەڵبژاردنى لقەکان پێک بهێنرێ.
وەک لە ڕاگەیێنراوەکەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیدا هاتووە، دوێنێ سێشەممە کۆ بوونەتەوە؛ پێکهێنانی ئەو لیژنەیە بە گوێرەی ڕەچاوکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی جاران و لێکۆڵینەوەی لە بەرەنجامەکانی بووە.
کۆبوونەوەکەی دوێنیی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی (خەسرۆ گۆران) بەرپرسی دەزگاکە و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتى و، بە ئامادەبوونى (شرین ئامێدى) و، (ڤیان سەبری) یاریدەدەرانى بەرپرسی دەزگا بەڕێوە چوو.
تێکڕاى ئەندامانى دەزگای هەڵبژاردن و، بەرپرسانى دەزگاى هەڵبژاردن لە ئەنجوومەنى سەرکردایەتییەکان و، بەرپرسانى مەکتەبى هەڵبژاردنى سەر بە لقەکانى پارتیى دیموکراتى کوردستان، هەرهەموویان هاتبوون بۆ کۆبوونەوەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی دەزگا خوێندنەوەیەکى لەسەر ڕەوشی ئەمڕۆى عێراق و ناوچەکە، پێشکەش کرد و ئاماژەى بە ڕێککەوتنى نێوان حکوومەتى عێراق و حکوومەتى هەرێمى کوردستان دا و بە ڕێککەوتنێکى مێژوویی و گرینگ بۆ کوردستان وەسف کرد.
پاشان بە گشتی باسی ڕەوشە ناوخۆییەکەی دەزگاى هەڵبژاردن و، مەکتەبەکان کرا؛ (خەسرۆ گۆران) داواى لە ئامادەبووان کرد گرینگى بە کارەکانیان بدەن و، ئاگادارى دواشێواز و گۆڕانکارییەکانی جیهان بن لە بوارى هەڵبژاردندا، هەروەها چەند ڕێنماییەکى نوێی سەبارەت بە دابینکردنى سەرجەم پێداویستییەکان لە ئامار و ئامرازەکانى هەڵبژاردن پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
لە کۆتاییدا بڕیار درا بە گوێرەی ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى ئەم دواییە، تیمێکى هەڵسەنگاندن بۆ کارى لقەکان پێک بهێنرێ؛ دواتر دەرگاى گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە تا سەرنج و پێشنیارەکانیان بخەنە بەر باس.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
