خورماتوو.. چەكدارانی دەمامكدار دەستڕێژی گوللە لە هاووڵاتیان دەكەن

دوزخورماتوو-KDP.info- لە شارۆچكەی خورماتوو لە دوو كردەوەی تیررۆیستیدا كە لە لایەن چەكدارانی نەناسراوەوە ئەنجام دران، كەسێك كوژرا و یەكێَكی دیكەیش بریندار بوو.
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو (رائید فارووق ئەحمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەكی سەربازی شارۆچكەی خورماتوو، لە نزیك دوكانێكی گەڕەكەكە، دوو چەكداری دەمامكدار بەسەر ماتۆرسكیلێكەوە دەستڕێژی گوللەیان لە هاووڵاتییەك كرد، بەڵام ئەو هاووڵاتییە كە دەستڕێژی لێ كرا توانی خۆی رزگار بكات و هاووڵاتییەكی دیكەی بە رەگەز كورد كە لە ناوچەكە نزیك بووە، بە هۆی بەركەوتنی گوللەوە بریندار بووە.
رائید (فارووق) گوتیشی، پاش یەك سەعات لەو تاوانە و لە سەعات شەشی ئێوارەدا هەر لە گەڕەكی سەربازی، ژمارەیەك چەكداری نەناسراوی دیكە دەستڕێژی گوللەیان لە هاووڵاتییەك كرد و بەهۆیەوە هاووڵاتییەك كە عەرەبی سوننەیە و خەڵكی پارێزگای دیالەیە، كوژرا.
دەشڵێت، پاش ئەو تاوانانە چەكدارەكان هەڵاتوون و لێكۆلێنەوەیش بەردەوامە.
كاروان جاف




