داعش گشت مووسڵاوییە خۆبەخشەكانی لە ریزەكانی دەركرد

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، رایگەیاند كە، ئەمڕۆ داعش بڕیاری دەركردنی هەموو ئەو خۆبەخشانەی داوە كە لە مووسڵ چوونەتە ریزەكانیانەوە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ داعش هەموو خۆبەخشەكانی پارێزگای مووسڵی لە ریزەكانی دەركردووە كە پێوەندییان بەو رێكخراوەوە كردووە، بە بێ ئەوەی هۆكارەكەی ئاشكرا بكەن.
(عیسمە رەجەب) گوتیشی، هەر ئەمڕۆ داعش تەرمی هەشت تیرۆریستی خۆی لە گۆڕێكی بەكۆمەڵ شاردوونەتەوە، دوای ئەوەی لە ئەنجامی بۆردوومانەكانی فڕۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان كوژراون.
(رەجەب) ڕوونیشی كردەوە، هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە گەڕەكی بەكر لە مووسڵ دوای تاڵانكردنی ماڵەكەی، خانووی هاووڵاتییەكی مەسیحییان تەقاندەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، پێش چەند رۆژێك فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان چەند بڵاوكراوەیەكیان بەسەر خەڵكی مووسڵدا بڵاو كردەوە و داوای هاوكارییان لە خەڵكی ئەو شارە كرد بۆ رزگاركردنی لە دەست تیرۆریستانی داعش و ئەوانیش هەست بەوە دەكەن كە ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی مووسڵ رزگار بكرێت، رەنگە هۆكارەكەیش هەر ئەوە بێت كە چەكدارە خۆبەخشەكانی مووسڵیان لە ریزەكانیان دەركردبێت.
بڵند ئیبراهیم




