نێچیرڤان بارزانی بۆ پاتریاركی كلدان: وێنەیەكی باشی هەرێمتان گەیاندووەتە جیهانی مەسیحی
هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە پێشوازیی پاتریاركی كلدان لە عێراق و جیهان (مار لویس ڕۆفائێل ـ یەكەم ساكۆ) رایگەیاند كە پاتریارك وێنەیەكی باشی هەرێمی كوردستانی گەیاندووەتە ڤاتیكان و جیهانی مەسیحی. هاوكات پاتریارك ئاشكرای كرد كە، لەگەڵ قەداسەتی پاپای ڤاتیكان رۆڵی هەرێمی كوردستان و حكوومەتیان بەرز نرخاندووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 16-ی دیسەمبەری 2014، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، پێشوازیی لە پاتریاركی كلدان لە عێراق و جیهان پاتریارك (مار لویس ڕۆفائێل ـ یەكەم ساكۆ) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا پاتریارك سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی كرد بۆ پێشوازیكردن و داڵدەدانی ئاوارە مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوە دا كە، هەر چەندە ڕەوشی ئاوارەكان قورسە، بەڵام ئەوان هەست بە غەریبی ناكەن و لە هەرێمی كوردستان لەناو كەسوكاری خۆیاندان. هەروەها هیوای خواست حكوومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت سوود لە تواناكانی مامۆستا و دكتۆر و كارمەند و پیشەوەرانی ئاوارە وەربگرێت و دەرفەتی كاریان بۆ بڕەخسێنێت، تا بتوانن باری ژیانی خۆیان باشتر بكەن، هاوكاریی ئەو قوتابییە مەسیحیانەیش بكات كە لە خوێندن دابڕاون، تا بتوانن بكەونەوە بەر خوێندن و تاقیكردنەوەكانیان نەفەوتێت.
پاتریارك هەموو ئامادەییی كەنیسەی كاسۆلیكییشی دەربڕی بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ڤاتیكان و جیهانی مەسیحی بەكار بێنێت تا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاریی ئاوارەكان بكەن. ئاماژەی بەوەیش دا كە، لە دوایین دیداریدا لەگەڵ قەداسەتی پاپای ڤاتیكان، باسی لە هەموو هاوكارییەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاوارە مەسیحییەكان و تەواوی پەنابەران و ئاوارەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان كردووە و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان و حكوومەتیان لەم بارەیەوە بەرز هەڵسەنگاندووە. هەروەها هیوای خواست حكوومەتی عیراقیش ڕۆڵی خۆی ببینێت و باشتر بە دەنگ ئاوارەكانەوە بچێت و هاوكاریی زیاتریان بكات.
لای خۆیەوە (نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی كردەوە كە، هەرێمی كوردستان بێ جیاوازی پێشوازی لە هەموو ئاوارە و پەنابەران كردووە و ئەوەی لە توانایدا بووبێت، هاوكاریی كردوون و یارمەتیی داون، بە هەمان شێوەیش بەردەوام دەبن، هەروەها سوپاسی پاتریاركی كرد كە وێنەیەكی باشی هەرێمی كوردستانی گەیاندووەتە ڤاتیكان و جیهانی مەسیحی. بۆ چارەكردنی كێشەكانی ئاوارە مەسیحییەكانیش، بڕیاری دا لیژنەیەكی تایبەت بۆ بەدواداچوونی كێشەكان و دۆزینەوەی چارەیەك، لە لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەتەوە پێك بهێنرێت.




