هەفتەی داهاتوو هێزی كوردانی شەبەك دەست بە مەشق دەكەن.. هیچ شەبەكێك نەچووەتە نێو ریزەكانی داعشەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە پێكهاتەی شەبەك (غەزوان داوودی) رایگەیاند كە، بڕیارە لیوایەك بۆ كوردانی شەبەك لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگە دابمەزرێنێت و لە ئێستادا فەوجێك ئامادەیە و دەستیان بە چاوپێكەوتن لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە و تا ئێستا 530 كەس چاوپێكەوتنیان ئەنجام داوە و تەنیا 70 كەس ماون و ئەوانیش ئەم هەفتەیە تەواو دەبن.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە پێكهاتەی شەبەك (غەزوان داوودی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، گوندی ئەبوجربۆع نزیكەی هەزار خێزان لەخۆ دەگرێت و لە كاتی هاتنی داعش هەموو خەڵكی ئەو گوندە هەڵاتوون و ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە و تەنیا ژمارەیەك هاووڵاتیی بەتەمەن لەو گوندە ماون، بۆیە هیچ كوردێكی شەبەك نەچووەتە ناو داعش و ئەو قسانەی كە (حەنین قەدۆ) كردوویەتی كە گوایە كوردانی شەبەك لەو گوندە پێوەندیان بە داعش كردووە راست نییەو بێبەنەمایە و دەیەوێت كێشەی تایفی دروست بكات و ئەو قسانەیش بۆ مەرامی سیاسییە و هیچی دیكە نییە.
(داوودی) گوتیشی، "ئەو گوندە شوێنی لەدایكبوونی منە و ئەوەی (قەدۆ) باسی لێوە دەكات، دوو سێ هاووڵاتییەكی عەرەبن لە ساڵی 2007 لە گەرەكی ئارپێجی لە مووسڵ هاتوونەتە ئەو گوندە و لە كاتی هاتنی داعش چوونەتە ریزەكانیان، ئەگەر نا هیچ هاووڵاتیەكی شەبەك نەبووەتە داعش.
ئەو نوێنەرەی پێكهاتەی شەبەك ڕوونیشی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارە لیوایەك بۆ كوردانی شەبەك دابمەزرێنێت لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگە و لە ئێستادا فەوجێك ئامادەیە و دەستیان بە چاوپێكەوتن لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە و تاوەكو ئێستا 530 كەس چاوپێكەوتنیان ئەنجام داوە و تەنیا 70 كەس ماون و ئەوانیش ئەم هەفتەیە تەواو دەبن.
زیاتر گوتی، بڕیارە دوای ئەوەی ئەم هەفتەیە چاوپێكەوتنیان تەواو بێت و هەفتەی داهاتوو دەست بە مەشق و راهێنان بكەن.
راشیگەیاند كە، دوای تەواوبوونی ئەو فەوجە، فەوجەكی دیكەیش دادەمەزرێنن و ئەویش هەر لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەدا دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




