٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندی كۆنگرێسی ئەمەریكا بە سەرۆكوەزیرانی كوردستانـیان گوت، هەرێم دۆستی زۆری لە ئەمەریكا هەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە پێشوازی شاندێكی كۆنگرێسدا رایگەیاند كە، هاوكاری و پشتگیریی ئەمەریكا لە كاتی تەنگانەدا، كاریگەریی گەورەی بۆ ڕاوەستاندن و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان هەبوو..هاوكات شاندی كۆنگرێسی ئەمریكا بە سەرۆكوەزیرانی كوردستانیان گوت كە، هەرێم دۆستی زۆری لە ئەمەریكا هەیە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 16ی دیسەمبەری 2014، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكی بە سەرۆكایەتیی كۆنگرێسمان "كیڤن مەكارتی" كرد، كە لە چوار كۆنگرێسمان و جێگری باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە ڕاوێژكاران پێكهاتبوو.

لە سەرەتای دیدارەكەدا شاندی كۆنگرێسی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆیان بە ئارامی و سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشییان لە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد كە داڵدەی زیاتر لە ملیۆنێك پەنابەر و ئاوارەیان داوە و ئارامی و ئاساییشیان بۆ دابین كردوون و دەیانپارێزن. هەرەوها ستایش و پێزانینی خۆیان بۆ پێشمەرگەی كوردستان دووپات كردەوە كە، بەرگری لە خاك و هاووڵاتیانی خۆیان و لە پرەنسیپە هاوبەشەكانی كوردستان و ئەمەریكا دەكەن.

شاندەكە دووپاتی كردەوە كە، هەرێمی كوردستان دۆستی زۆری لە ئەمەریكا هەیە و هەوڵ دەدەن لە هەموو بوارەكاندا هاوكاری و پشتگیریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر تیرۆردا سەربكەوێت و پرۆسەی ئاوەدانی و پەرەپێدان و پێكەوژیان، زیاتر بەرەو پێشەوە ببات. هەروەها خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ڕێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ دەربڕی و تیشكیان خستە باوردۆخی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) سوپاسی سەردانی شاندەكە و پشتگیرییان لە هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتی كردەوە كە، هاوكاری و پشتگیریی ئەمەریكا لە كاتی تەنگانەدا، كاریگەریی گەورەی بۆ ڕاوەستاندن و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان هەبوو، بەڵام بۆ نەهێشتن و بنەبڕكردنی یەكجارەكیی تیرۆر، هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاری و پشتگیریی زیاترە، بەتایبەتیش پێشمەرگە پێویستی بە مەشق و ڕاهێنان و چەكی قورس هەیە.

دەربارەی ڕێككەوتنی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵیش، دووپاتی كردەوە كە، هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنەكە بە ڕێككەوتنێكی‌ باش لە قەڵەم دەدات و دەرفەتێكە بۆ چارەكردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمایەكی واقعیانە. هەروەها پشتگیریی هەرێمی كوردستانی بۆ حكوومەتی تازەی عێراق دووپات كردەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار