نوێنەری پێکهاتەی مەسیحی: ئەم پێنجشەممەیە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، دوو ئەندامی تری پێ زیاد دەکرێت

هەولێر ـــKDP.infoـــ نوێنەرێکی پێکهاتەی مەسیحی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان تاکە کەس متمانەمان پێ هەبێت، (سەرۆک بارزانی)ـیە، چونکە تەنیا ئەو پشتگیریمان لێ دەکات و، خەمخۆرمانە"، جەختیشی کردەوە کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، 9 ئەندامەکەی کۆمیسیۆن، ئەندامێکی تورکمان و 'دیان'ـێکیشیان پێ زیاد بکرێت.
ئەندامی لیستی گردبوونەوەی گەلی کلدانی سریان ئاشوور لە پەرلەمانی کوردستان (وەحیدە یاقوو هورمز) بە kdp.infoـی ڕاگەیاند: "چەند ڕۆژ لەمەوبەر سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان کرد و باسی بێبەشبوونی تورکمان و دیان (مەسیحی)ـەکانمان کرد لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیدا؛ بەڕێزیان خەمی لێ نیشت و، بەڵێنی دا ئەو کێشەیە چارە بکرێت؛ ڕەنگە سەرۆک هەر خۆی پەیوەندیی بە فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە کردبێت، چونکە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەماندا کۆ بووینەوە و، بەڵێنی داوە ڕۆژی پێنجشەممە پڕۆژەیەک پێشکەش بکات بۆ ئەوەی نۆ ئەندامەکە بکەن بە یانزە."
(وەحیدە یاقوو هورمز) گوتیشی: "ئێستا تاکە کەس کە متمانەمان پێی هەبێت لەم هەرێمی کوردستانەدا (سەرۆک بارزانی)ـیە، چونکە ئەو هەمیشە خەمخۆر و پشتیوانی هەموو پێکهاتەکان بووە؛ لە کۆبوونەوەکەیشدا گوتمان پێی هەرچی بڕیارێک تۆ بیدەی ئێمە پێی ڕازینە و، هەر وایش دەکەین."
(هورمز) گوتیشی "هێشتا نەچووینەتەوە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان؛ جارێ داکێڵ (بایکۆت)ـکردنەکەمان نەشکاندووە و، ناچینەوە پەرلەمان هەتا بزانین پێنجشەممە چ دەبێت."
بڵند ئیبراهیم




