یەکیەتیی ماموستایانی کوردستان بە دەنگ ماموستا و قوتابییە ئاوارەکانەوە چوو

هەولێر-KDP.info-یەکیەتیی ماموستایانی کوردستان داواکارییەکەی قوتابیانی ئاوارەی گەیاندە یەکیەتیی ماموستایانی جیهان؛ ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە هاوکاریی ئەو قوتابیانە بکەن کە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە و، لە خوێندنەکەیان دابڕاون.
جێگری سەرۆکی یەکیەتیی ماموستانی کوردستان (ئەحمەد گەرمیانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە وڵاتی ئوردن کۆنگرەیەک ساز کرا بە ناوی کۆنگرەی یەکیەتیی هەرێمایەتیی سەندیکاکانی ماموستایانی عەرەب؛ ئێمەیش وەکو یەکیەتیی ماموستایانی کوردستان چووین بۆ ئەوێ؛ لەوێ باسی گیروگرفتی ئەو قوتابی و ماموستایانەمان کرد کە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە؛ خۆی بێجگە لە ڕۆژاوای کوردستانەوە، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمەوە چوارهەزار ماموستا و، نزیکەی 300هەزار قوتابی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە و، زۆرینەیشیان لە خوێندنەکەیان دابڕوان."
(ئەحمەد گەرمیانی) گوتیشی: "ئێمە وەکو یەکیەتیی ماموستایانی کوردستان چەند شتێکمان داوا کردووە؛ لەوانە: دابینکردنی کەرەڤانە بۆ ئەوەی بیکەینە قوتابخانە، کردنەوەی خولی ڕاهێنانی بۆ ماموستایانی ئاوارە، دەستگیرۆییکردنی ماموستایانی ئاوارەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم و، دابینکردنی جلوبەرگ و پێداویستی بۆ قوتابییە ئاوارەکان."
یەکیەتیی ماموستایانی جیهان 170 رێکخراو دەگرێتە خۆی، کە هەندێکیان دەستیان دەڕوات و، دەتوانن هاوکاریی قوتابی و ماموستا ئاوارەکان بکەن.
بڵند ئیبراهیم




