ئەو شێخ هاڕوونە کێیە کە ئەمڕۆ دنیای بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد؟

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەکانی زانیاری دەڵێن، ئەو کەسەی لە ئوستوڕالیا خەڵکی بە بارمتە گرتووە، پەنابەرێکی وڵاتی ئێرانە بە ناوی (شێخ هاڕوون موئەننەس)، کە لە ساڵی 1996ـەوە لە وڵاتەکەی رایکردووە و لە ئوستوڕالیا گیرساوەتەوە و، ناوی خۆیشی گۆڕیوە.
وەک ئەوەی کەناڵی 9ـی ئستوڕالیایی بڵاوی کردووەتەوە، (شێخ هاڕوون) پێشتریش لە ڕێی پەیامی توند و ڕقلێبوونەوەییەوە، کە هۆکارەکەی بۆ ئامادەیی هێزی سەربازیی ئوستوڕالیا بوو لە ئەفغانستان، سەرنجی مێدیاکانی بە لای خۆیدا ڕاکێشابوو.
(شێخ هاڕوون) هاوکات پەیامی پڕ لە ڕقی بۆ خێزانی قوربانیانی سەربازە ئوتوڕالیاییەکان دەنارد، خانەوادەی (بریت تل) کە سەربازێک بوو و لە ساڵی 2009ـدا بە مین کوژرا، نموونەیەکی ئەو خێزانانەیە.
هەر لەمساڵدا، (شێخ هاڕوون) کە بە چارەسەرکردنی ڕۆحی خۆی ناساندبوو و گوایە پسپۆڕە لە زانستی ئەستێرەناسی و لێکدانەوەیان و تێڕامان و جادووی ڕەشدا، لە ماوەی ئەو کارانەیدا دەستدرێژی کردووەتە سەر 47ئافرەت؛ هەروەها بە کوشتنی ژنەکەیشی خۆیشی تۆمەتبار بووە.
مێدیای ئوستوڕالیایی ئەمڕۆ دووشەممە جەختی کردەوە لەوەی کە، پێنج لەو بارمتانەی کافتریایەکەی سیدنیی پایتەخت کە دەستبەسەر بوون دەربازیان بووە؛ ئەڵبەت ئەوانی دی ناچار کردوون کە بەیداخی ڕەش کە "لا إله إلا الله، محمد رسول الله"ـی لەسەر نووسراوە و هیی بەرەی نوسرەی باڵی قاعیدەیە لە سووریا، هەڵ بکەن و لە پەنجەرەکەوە خۆیان نیشانی ئەو هاووڵاتیانە بدەن کە لەدەرەوەی باڵاخانەی کافتریایەکەوە لەو دۆخە ڕامابوون.
بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، ئەو چەکدارەی کە خەڵکەکەی دەستبەسەر کردوون، داوای کردووە بەیداخی داعشیشی بۆ ببەن کە نووسراوەکەی لە نێو بازنەیەکدا بێ؛ هاوکات داوای کردووە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە (تۆنی ئابوت) ببینێ.
ئەڵبەت پاش ماوەیەکی زۆر لە دەستبەسەرکردنی 17 کەس لەو کافتریایەی سیدنیدا، هێزێکی تایبەت بە ناوی "ئێس ئەی ئێس" و پۆلیسی ئەو وڵاتە، هەڵیانکوتایە سەر شوێنەکە و (شێخ هاڕوون) و دوو کەس لە بارمتەکراوان کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون، بەڵام وەک پۆلیس بە فەرمی ڕایگەیاندووە، چیدی مەترسی نەماوە و دۆخکە لە کۆنترۆڵی ئەواندایە.
زریان زیاد-سی ئێن ئێن




