سێ تەقینەوە خورماتوویان هەژاند

خورماتوو-KDP.info- ئەمشەو لە دوو گەڕەكی شارۆچكەی خورماتوو، سێ تەقینەوە لە رێگەی سێ بۆمبەوە ئەنجام دران و هاووڵاتییەك بریندار بوو، هەروەها دوو خانووی تازەدروستكراویش داڕووخان و زیانی ماددیی زۆریشی بە دوای خۆیدا هێنا.
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو رائید (فارووق ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، ئەمشەو لە گەڕەكی عەسكەریی شارۆچكەی خورماتوو، بۆمبێكی لكێندراو بە ئۆتۆمبیلی هاووڵاتییەكی بە رەگەز توركمانی سوننە بە ناوی (كەنعان كەریم)ـدا تەقێندرایەوە و بە هۆیەوە ناوبراو بە سەختی بریندار بوو كە ئەو هاووڵاتییە لە سەردەمی بەعسدا پلەدار بووە.
رائید (فارووق) گوتیشی، پاش ئەو تەقینەوەیە، لە پشتەوەی بانكی خورماتوو، بە هۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێندراو دوو خانووی تازەدروسكراو ڕووخان.
ڕوونیشی كردەوە كە، لەو ناوچەیەدا هاووڵاتیان بە شێوەی زێدەڕۆ خانوو دروست دەكەن بە تایبەتی هاووڵاتیانی بە رەگەز توركمان.
كاروان جاف




