٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرمانبەرە مەسیحییەكان بۆ ساڵی 2015 "تەنسیب"ـەكانیان نوێ دەكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری  درێژكردنەوەی "تەنسیب"ـی ئەو فەرمانبەرە مەسیحیانە دەردەكات كە لە هەرێمی كوردستاندا دەوام دەكەن.

لە پێگەی فەرمیی ئەمیندارەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاو كراوەتەوە، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە بە درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی فەرمانبەرانی مەسیحی بە  "تەنسیب" لە دامودەستگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2015.

ئەو فەرمانبەرە مەسیحیانە مووچەكانیان لە بەغدا دەبێت، بەڵام كاركردنیان لە هەرێمی كوردستانە. هەروەكو لە كۆبوونەوەی رۆژی 9ـی 12ـی 2014ـی ئەنجوومەنی وەزیراندا رەزامەندی لەسەر درێژكردنەوەی "تەنسیب"ـی  فەرمانبەرانی مەسیحی دراوە بەو مەرجەی "وەزارەتەكانی حكوومەتی ناوەندی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە بدەن كە لە هەرێمی كوردستان "تەنسیب"ـن ئەویش پاش وردبینیكردن و رێكخستنی ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی كە بڕیارەكە دەیانگرێتەوە.

سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی دووپات كردەوە و بە سایتی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، دریژكردەوەی "تەنسیب"ـی ئەو فەرمانبەرە مەسیحیانە بە هۆی بارودۆخی ئەمنی و راكردنی مەسیحییەكانە لە تیرۆریستان و چەند ساڵێكە بۆیان نوێ دەكرێتەوە، بۆیە لە ساڵی 2015ـیشدا بۆیان نوێ دەكرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی كردەوە كە، زیاتر لە 3 هەزار فەرمانبەری مەسیحی لە هەرێمی كوردستاندا "تەنسیب"ـن و گوتیشی، لە ساڵی رابردوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە سەر داوایەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاركردنی  "تەنسیب"ـی فەرمانبەرە مەسیحییەكانی لە فەرمانگەكانی هەرێمی كوردستان تاوەكو 31/12/2014 درێژ كردەوە.

یەحیا سابیر

هەواڵی پەیوەندیدار