پارتی، داوای دوو قایمقام و سێ بەڕێوەبەری گشتی و پێنج بەڕێوەبەری ناحیە دەکات

سلێمانی-KDP.info- سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بڕیار بوو شاندی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بەشداریكردنی لایەنەكانی دیكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سەردانیان بكەن، بەڵام هێشتا سەردانیان نەكردوون و رەنگە چاوەڕێی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی هەولێر بكەن.
سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (زیاد كاكە رەزا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رێككەوتنێكیان ئەنجام دا و پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرەكەی هەڵبژێردران، باسیان لەوە كرد كە سەردانی لایەنەكانی دیكە دەكەن بۆ بەشداریكردنیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بەڵام تاوەكو ئێستا سەردانیان نەكردوون و هۆكارەكەیشی دیار نییە، بەڵام رەنگە چاوەڕێی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی هەولێر بكەن.
(زیاد كاكە رەزا) گوتیشی، "ئێمە وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان داواكارییەكانی خۆمان ئامادە كردوون و داوای دوو قایمقام، سێ بەڕێوەبەری گشتی و پێنج بەڕێوەبەری ناحیە دەكەین، چونكە ئەمانە بە مافی خۆمان دەزانین".
زیاتر گوتی، سلێمانی لە هەڵبژاردن بازنەیەكی تایبەت بووە، بەڵام گۆڕان و یەكێتی پۆستەكانی هەڵەبجەیشیان تێكەڵ كردوون و پۆستی قایمقام بۆ پارتی دانرابوو، لە ئێستادا لەوەیش پەشیمان بوونەتەوە، كە ئەو پۆستانە هیچ پەیوەندییەكیان بە سلێمانییەوە نییە.
سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونیشی كردەوە، "بەپێی زانیارییەكان نەك تەنیا ئێمە، بەڵكە سەردانی لایەنەكانی دیكەیش نەكراوە بە بێ ئەوەی هۆكارەكە ئاشكرا بكرێت".
بڵند ئیبراهیم




