٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانى: هەرێمی کوردستان یارمەتییە سەربازى و مرۆییەکانى ئەڵمانیا بەرز دەنرخێنێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانى) دەڵێت، هەرێمی کوردستان زۆر بە بایەخەوە دەڕوانێتە تەواوى یارمەتییە سەربازى و مرۆییەکانى حکوومەتى ئەڵمانیا. هاوكات کۆنسووڵى گشتیى ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان کە تازە دەستبەکار بووە، پشتیوانی و پشتگیریی حكوومەتی ئەڵمانیاى بۆ حكوومەتی هەرێم، لە ڕووی مرۆیی و سەربازییه‌وه‌، دووپات كردەوە.

بەبۆنەى دەستبەکاربوونى وەک کۆنسووڵى گشتیى ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 15ـى دیسه‌مبه‌رى 2014، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان(نێچیرڤان بارزانى)، پێشوازى لە کۆنسووڵی گشتیى تازەى ئەڵمانیا لە هەرێمى كوردستان(جۆرج ئنزوێیلەر) کرد.

له‌ سه‌ره‌تاى دیداره‌كه‌دا، (ئنزوێیلەر) بە بۆنەى دەستبەكاربوونی وەك کۆنسووڵی گشتیی وڵاته‌كه‌ى لە هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و هیواى خواست بتوانێ ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان بباتە قۆناغێکى پێشکەوتووتره‌وه‌. هەروەها ستاییشى حكوومەت و گەلی كوردستان و پێشمەرگەی كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریستانی داعش و پێشوازیكردن لەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە هەرێمی كوردستان. هاوكات پشتیوانی و پشتگیریی حكوومەتی ئەڵمانیاى بۆ حكوومەتی هەرێم، لە ڕووی مرۆیی و سەربازییه‌وه‌، دووپات كردەوە.

کونسووڵى گشتیى ئەڵمانیا، خواستى وڵاتەکەیشى بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە ڕووى سیاسى و ئابوورى و بازرگانییه‌وه‌ دووپات کردەوە و، لەمبارەیەوە گوتى: "ژمارەیەکى زۆرى کۆمپانیاى ئەڵمانیایی، بەشداریى کارایان لە پێشانگاى نێودەوڵەتیی هەولێردا کرد کە ئەم هەفتەیە بەڕێوە چوو." هەروا گوتى: "ئێمە هانى کۆمپانیاکانمان دەدەین بۆ کارکردن لە هەرێمى کوردستان."

لاى خۆیه‌وه‌ (نێچیرڤان بارزانى) پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لێ كرد و پشتیوانی و پشتگیریی حکوومەتى هەرێمى بۆ دووپات كردەوە بۆ سەرخستنى کارەکانیان لە هەرێمى کوردستان. هاوكات سوپاس و پێزانینی گەل و حكوومەتی هەرێمی کوردستانى بۆ پشتگیریی حكوومەتی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی و كردنەوەی خولی مەشق و ڕاهێنان بۆ پۆلێك لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە، دەربڕی. لەمبارەیەوە گوتى: "ئێمە زۆر بە بایەخەوە دەڕوانینە تەواوى یارمەتییە سەربازى و مرۆییەکانى حکوومەتى ئەڵمانیا و ئومێدەوارین ئەو هاوكاریانە بەردەوام بن."

له‌ دیداره‌كه‌دا هەردوولا باسیان لە پەیوەندیى نێوان هەولێر و بەغدا و ڕەوشی ئێستای هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەكە لە ڕووی سیاسی و مرۆییه‌وه‌ کرد و مەترسییەکانى داعشیان بۆ سەر ئاساییش و سەقامگیریى تەواوى ناوچەکه‌ تاوتوو كرد. لەمبارەیەوە کۆنسووڵى گشتیى ئەڵمانیا پشتیوانیى وڵاتەکەى بۆ ئەو ڕێکكەوتنەى لە نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدڕاڵ ئەنجام دراوە، دووپات کردەوە و هیواى خواست ئاکامى باشى لێ بکەوێتەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر زیاتر بەرەوپێشبردنی هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیادا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە مێژووییەی كە لە نێوان هەردوو گەلی كورد و ئەڵماندا هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار