"شنگال و كۆبانی پێكەوە رزگار دەكرێن".. پێشمەرگە و شەڕڤانان هەشت شوێنی دیكەیان لە داعش پاك كردنەوە

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی دەڵێت، لە دوو تا سێ رۆژی رابردوودا شەڕڤانان بە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە پێشڕەویی باشیان كردووە، هەشت شوێنی دیكەیان رزگار كردوون و چەندین تیرۆریستیشیان كوشتوون كە ژمارەیەك تەرم كەوتوونەتە دەست پێشمەرگە.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (شەوكەت مزووری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، لە دوو تا سێ رۆژی رابردوودا شەڕڤانان بە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە لە رۆژهەڵات و باشوور و باكوری كۆبانی، چەند هێرشێكیان بەرپا كردوون و توانیویانە هەشت شوێنی دیكە رزگار بكەن و زیانی زۆریش بە داعش بگەیەنن؛ هاوكات چەندین تیرۆریستیش كوژراون و 15 تەرمیش كەوتوونەتە دەست پێشمەرگەوە.
عەمید (شەوكەت) گوتیشی، "لەوەتەی ئەو شوێنانە كۆنتڕۆڵ كراون، داعش توانای هێرشكردنی نەماوە و تەنیا بەرگری لە خۆیان دەكەن، چونكە پێشتر رۆژانە ئێمەیان تۆپباران دەكرد، بەڵام ئێستا ورەیان ڕووخاوە و تۆپبارانیشیان راگرتووە."
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی ڕوونیشی كردەوە، "لە ئێستادا زیاتر لە 65%ـی كۆبانی لە دەست هێزی پێشمەرگەدایە و لە ماوەیەكی نزیكدا شنگال و كۆبانی پێكەوە رزگار دەكرێن و ئەو مژدەیە دەدەینە هەموو كوردێك."
(مزووری) راشیگەیاند، هێزی پێشمەرگە هەموویان سەلامەتن و بە ورەیەكی بەرزەوە لە سەنگەرەكانی شەڕدان و پەرۆشی ئەوەن كە لەنزیك ترین كاتدا كۆبانی رزگار بكەن.
گوتیشی كە، "هەماهەنگییەكی باش لە نێوان ئێمە و شەڕڤاناندا هەیە و ئەوان هەر هەنگاوێك بنێن، پێشتر ئێمەی لێ ئاگادار دەكەنەوە".
زیاتر گوتی، "بە رۆژ و شەو هەر كاتێك پێویست بكات تۆپخانەكانی ئێمە مۆڵگەكانی داعش دەکوتن".
(شەوكەت مزووری) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانیش بە بەردەوامی مۆڵگەكانی داعش بۆردوومان دەكەن و تەنیا شەوی رابردوو سێ جار بۆردوومانی داعشیان كردووە و زیانی زۆری گیانییشیان پێ گەیاندوون.
بڵند ئیبراهیم




