٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پەروەردە روونكردنەوەیەكی شەش خاڵیی راگەیاند.. پێوەست بە دامەزراندنی گرێبەستەكانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارە تی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە بە رێكارێكی روون و بە دوور لە هەر دەستتێوەردانێكی كەسی و سیاسی و كۆمەڵایەتی، كاری بۆ دامەزراندنی ئەو گرێبەستانە كردووە كە قۆناخی باشی تێپەڕاندووە و، روونكردنەوەیەكی 6 خاڵیی پێوەست بە دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەستیشی راگەیاند.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فاتیح مەولەوی زادە)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، پێوەست بە دامەزراندنی ماموستایان بە شێوەی گریبەست بۆ ساڵی 2014-2015 دوای بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی دامەزراندنی 4 هەزار ماموستا لە هەرێم كوردستان بە شێوەی گرێبەست، وەزارەتی پەروەردە بە رێكارێكی روون و بە دوور لە هەر دەستتێوەردانێكی كەسی و سیاسی و كۆمەڵایەتی، كاری بۆ دامەزراندنی ئەو گرێبەستانە كردووە و قۆناخی باشی تێپەڕاندووە.
(فاتیح مەولەوی) لە رێگەی شەش خاڵەوە روونكردنەوەی وەزارەتەكەی راگەیاند:
یەكەم: مافێكی سرووشتییە كە دەرچووەكانی كۆلێژی پەروەردە كە ناو هێنران لە رێزی پێشەوەی گرێبەستەكاندا بن كە تایبەتن بە پەروەردە و پیشەی مامۆستایەتییەوە، بۆیە وەزارەتی پەروەردە پابەندە بە دامەزراندنیان لەبەر ئەوەی بە پێی رێسا و رێنمایی دەرچووانی كۆلێژی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەتی ناتوانن لە هیچ شوێنێك جگە لە وەزارەتی پەروەردە وەربگیرێن و تەنانەت ئەگەر دایشبمەزرێن، ئەوا بڕوانامەیان پێ نادرێت.

دووەم: هیچ كات وەزارەتی پەروەردە بە رەهایی باسی لەوە نەكردووە كە تەنیا دەرچووانی كۆلێژ و پەیمانگا پەروەردەییەكان دابمەزرێنێت بەپێی یاسای ژمارە 4-ی ساڵی 1992-ی هەمواركراو ئەگەر دەرچووانی كۆلێژی پەروەردە و بنەڕەتی یاخود ئەو بەشانەی كە دیاری كراون كەمتر بن لە رێژەی داواكراو لەو 4000 گرێبەستە، ئەوا دەرچووانی كۆلێژەكانی دیكە وەردەگیرێن بەو مەرجەی كە راهێنان و خولی شیاندنیان بۆ بكرێت.

سێیەم: لە ئێستادا ژمارەیەك گرێبەست لە سنووری پەروەردەكان بە بەتاڵی ماونەتەوە، بۆیە سەرجەم دەرچووەكانی كۆلێژەكانی دی ئەوانەی كە پسپۆڕییەكانیان بۆ مامۆستایەتی دەگونجێت وەك زانست و زمان و زانستە مرۆڤایەتییەكان و... هتد، دەتوانن بەشداریی قۆناخی دواهاتوو بكەن بۆ دامەزراندنیان بە شێوازی گرێبەست ئەگەرچی لە سنووری هەندێك پەروەردە ریژەیەكی زۆر كەم بە گوێرەی پێویستییان وەرگیراون.

چوارەم: وەزارەتی پەروەردە رێگەیەكی دیكەی لە بەردەمدا نەبوو بۆ گرێبەست جگە لە دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژ و پەیمانگا دەستنیشانكراوەكان، چونكە خولی راهێنان و شنیاندنیان كردووە لە كاتێكدا وەرزارەت كاتی ئەوەی لە بەردەمدا نەبوو بە گرێبەستێكی یەك ساڵە كەسانێك دابمەزرێنێت كە پێویستیان بە خولی شیاندن و راهێنان هەبێت.

پێنجەم: ناوی هەموو دەرچووەكان و ئەوانەی كە لە كێبڕكێدان بۆ دەرچوون لە گرێبەستەكان لە دیواری هەموو پەروەردەكان هەڵدەواسرێت و لە ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردەیش بڵاو دەكرێتەوە، دواتریش دەدرێتە لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ زیاتر وردبینی و شەفافییەت، وەزارەت هەموو ئەو هەنگاوانە دەگرێتە بەر.

شەشەم: هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە پاش دەرچوونی ناوەكان لە سنووری پەروەردەكان سێ رۆژ بۆ وەرگرتنی تانەكان و دەربڕینی ناڕەزایی دیاری كراوە.
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار