محەممەد ئیحسان: ئادەمیش بگەڕێتەوە، ئەو ناوچانەی بە خوێن گەڕاونەتەوە لە دەستی کورد دەرناچن

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە رایگەیاند، ئەو شتەی کە حکوومەتی (مالیکی) لە ماوەی 8 ساڵی رابردوودا بەرانبەر کوردستان کردی، کەمتر نەبووە لەوەی کە (سەددام حوسێن) دژی کورد کردی. دەربارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش دەڵێت، "جارێکی دیکە (ئادەمیش) بگەڕێتەوە و کەونێکی دیکەیش دروست بێت، ئەو ناوچانە کوردستانین و هیچ مەجالی تێدا نییە."
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە (د. محەممەد ئیحسان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، سەردانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) بۆ بەغدا، بۆ ئەوە بوو تا چارەی کێشەی نەوت بکات، چارەی کێشەی نەوتیش ئەمڕۆکە هەتا ئەگەر کاتییش بێت، دەڵێم لەم قۆناخەدا چارەیەکی زۆر چاکە. لەبەر ئەوەی هەموو لامان پێویستمان بە چارەکردنە و قۆناخێکی تازەیشە، با چانسێکی دیکە بەو کەسانە بدەین کە، حکوومەتێکی تازەیان لە بەغدا دامەزراندووە، تا کێشەکان چارە بکەن.
پێوەست بە ماددەی 140 کە ئایا لە رێککەوتنەکەدا باس کراوە؟ سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە (د. محەممەد ئیحسان) دەڵێت، "ئەو شاندە دۆسیەیەکی باس کردووە و نەچووە هەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارە بکات. ئەگەر ئەم کێشەیش چارە کرا و داهاتووی دیار بوو، کێشەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارە کرا، ئەوا بۆ کێشەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا رێگا ئاسانکاری دەبێت."
گوتیشی، "باسکردنی ماددەی 140 ئەمڕۆ بەو واقیعحاڵەی کە هەیە بە رەوشی عێراق و کوردستانەوە بۆ چوونێکی دیکە خۆمان بۆ ئامادە کردووە لەبەر ئەوەی رەوشێکی تر هەیە، نەک لە بیر کرابێت، بەڵکە سەنتەری کێشەکانە، با موزایەدەیش لەسەر یەک نەکەین لەبەر ئەوە هەموومان دەزانین بۆ سنووری ماددەی 140 چیمان کردووە و چیمان نەکردووە، ئەوەیش بە مانای لەبیرکردن نییە، یەکێک لە پرسە هەرە گرینگەکانە. بەڵام چوونی ئەو شاندە بۆ بەغدا رێککەوتنەکە تەنیا لەسەر ئەوەیە کا باسم کردن".
(د. محەممەد ئیحسان) ئاماژەیشی دا کە، "لە 2007 تا ئێستایش بەغدا ئەوەی پێی کرا لە دژی کوردستان کردی، کوردستان بە لوتکەی دیپلۆماسییەت چووەتە پێش، لە 2011 ئێمە پچڕانمان لەگەڵ بەغدا هەبوو، پچڕانێک کە هەموو شتێک دابڕابوو، ئەو شتەی کە حکوومەتی (مالیکی) لە ماوەی 8 ساڵی رابردوودا بەرانبەر کوردستان کردی، بڕوا بکەن، من بەرپرسم لە قسەی خۆم: کەمتر نەبووە لەوەی کە (سەددام حوسێن) دژی کورد کردی، بەڵام ئەمڕۆ کە دێی لەگەڵ حکوومەتێکی دیکە کێشەکان چارە بکەی هەڵبژاردنەکانت سنووردارن. بە رێگایەکی دیپلۆماسی و گفتوگۆوە جا ئەمەریکا و نەتەوە یەگرتووەکان لەسەر هێڵ بن پیشگیرییەکی هەرێمی بۆ کیشەکانمان هەیە. با چانسێکی دی بدەین تاکو کێشەکان چارە ببن، بەڵام بڵێی هەموو کێشەکان پێکەوە چارە بکرێن، ئەوا با کەس وا بیر نەکاتەوە ئەمڕۆ لە عێراق بەپەلە چارەی هەموو ئەو کێشانە بکرێت، چونکە کارەکان ئەمڕۆ لە عێراق زۆر بە هێواشی بەڕێوە دەچن. لەبەر ئەوەیشە کە وڵاتێکە تا ئێستا خۆی نەبووەتە خاوەنی خۆی، ( حەیدەر عەبادی) هەوڵ دەدات ببێتە خاوەنی چارەکردنی کێشەکان، بەڵام جارێ لە رێگەیە.. ئایا چەند بێدەنگ دەبێت، چەند ئاستەنگی لە بەردەم دروست دەبێت، ئەمانە هەموویان پێکەوە وەڵامیان پێویستن دوور بێت یان نزیک".
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە راشیگەیاند کە، "ئەمڕۆ ئەگەرچی 8 لە سەدی سنووری ماددەی 140 لە دەستی داعشدایە، بەڵام زۆربەی زۆریشی لە دەستی کورددایە. ئەوەیش ئەمری واقیعێکە لەو ناوچانەدا خوڵقاوە، حکوومەتی عێراقیش دەرفەتێکی زۆری لەو ناوچانە لە دەست دا. ئێمە لە دوای 2004 و 2005 بەنیاز بووین بڵێین چارەکردنی کێشەیەکی سیاسی بەرێگایەکی یاسایی کە لە دەستووردایە، بەڵام زۆرى ئەو بۆ چوونە یاخود ئەو بناخەیەی چارەکردنی کێشە سیاسییەکانیان لە دەست دا. لەبەر ئەوەی نەیانتوانی ماددەی 140 بە شێوە یاسایی و دەستوورییەکە چارە بکەن."
زیاتر ڕوونی کردەوە "قۆناخێکی دیکە ئایا چارەکردن بە ئەمری واقیع یان بە هێزە! زۆربەی ئەو شتانەیشی کە ئەمڕۆ کراوە لەو ناوچانەدا بە خوێنی گەنجەکانی خۆمان ناوچەکەمان گەڕاندووەتەوە، جارێکی دیکە نایخەینە سەر تەرازوو و، بڵێین وەرە سازشی بۆ دەکەم. ئەو جێگایانەی کە بە خوێن گەڕاونەتەوە مەحاڵە جارێکی دیکە لە دەستی کورد بچن، پێویستە حکوومەتی عێراقیش و ئێمەیش لە زۆر جێگا دوور نییە راپرسییەکی سەرەتایی بکەین و لەگەڵ هەندێ شتەکانی دیکەی وەک بەشداریی دەسەڵات و ئەو شتانە پێکەوە لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچانە ئەنجام بدەین، بەڵام زۆربەی ئەو ناوچانە مەحاڵە جارێکی دیکە بکەینە تەرازووی گفتوگۆ، لەبەر ئەوەی بە خوێن گەڕاونەتەوە کە تەمەننامان دەکرد ببووایە ئەزموونێک و زۆربەی کێشەکان بە رێگایەکی یاسایی چارە کرابان و چارەمان کردبان، بەڵام ئەو دەرفەتەیان لە دەستی خۆیان دا؛ ئەمەیش مانای ئەوە نییە تەواو بووە، جارێ پێویستە هەندێک بۆچوونی دیکەمان لەسەر ئەم کێشەیە هەبێت".
(د. محەممەد ئیحسان) بۆچوونی وا بوو کە، "پێویستە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە بەشدار بین بۆ ئەوەی ماددەی 140 جێبەجێ بکەین، لە کۆتاییدا ریفراندۆم لەسەر ئەو ناوچانە بکەین. ئەگەر هەموویش نەکرێت لەسەر بەشێکی بکەین، تا متمانە بۆ خەڵک پەیدا کەین کە ئێمە دەمانەوێت پێکەوە کار بکەین لەم وڵاتەدا هەتا ئەگەر لێک جیایش بین پێکەوە کار بکەین، چونکە کێشە هەر دەمێنێت ئەگەر کوردستان سەربەخۆییش وەربگرێت، ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی بنەبڕ چارە نابێت و هەر دەمێنێت".
پێوەست بەوەی کە بۆچی ئەگەر کوردستان سەربەخۆیی وەرگرت بەڵام کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەمێنێت، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە (د. محەممەد ئیحسان) روونی کردەوە کە "خەڵک دەگۆڕێت، بەڵام خاک ناگۆڕێت، حکوومەت دەگۆڕێت خاک ناگۆڕێت. خەڵکی کوردستان هەر لەسەر خاکی خۆیەتی جا هەر کەس لە حوکم بووبێت لە بەغدا. کێ لەگەڵمان بێت کێ لەگەڵمان نەبێت. ئێمە هەندێک لە یاساکان هەن کاریان لەسەر دەکەین وەک بەشداریی دەسەڵات، پێکەوەژیان و پێکەوە حوکمڕانی، ئەو شتانە هەموو پێکەوە کاریان لەسەر دەکەین و لەسەریان بەردەوام دەبین".
سەبارەت بە بە هەبوونی میلیشا شیعەکان لە سنووری ماددەی 140 سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە گوتی، "بە راستی وشەی میلیشیا بۆ ئەوانە زۆر زیادە. ئەوانە لە میلیشیایش کەمترن و کۆمەڵێک کەسی ئاژاوەچیی بێبناخە و بێمەبدەئن.. ئێمە لەگەڵ هەبوونی ئەو میلیشیایانە نین. کە لە داهاتوودا دەبنە کێشە. لەبەر ئەوەی هیچ بڕیارێک لە دەستی ئەو میلیشیایانەدا نییە و فەرمان لە شوێنی دیکەوە وەردەگرن. پێویستە کوردستان لە ئێستادا کارێکی جیددیتر بکات و پێیان بگوترێت ئەمە خاک و واری ئێوە نییە و بگەڕێنەوە جێگای خۆیان، بەڵام وای بۆدەچم کێشەی داهاتوو بێت کە هەندێک لایەنی کوردیش لەبەر لاوازیی پێگەی خۆیان یان بەرانبەر لایەنێکی دیکە رۆڵی زۆریان لە هاتنی ئەو میلیشیایانە و هاتنیان بۆ ئەو جێگایانە هەبوو".
ئەوەیشی خستە ڕوو کە، "من لە ساڵی 2005ـەوە بۆچوونێکی دیکەم هەیە، ئەویش ئەوەیە لە کاری سیاسیدا ئەوە نییە کورد بڵێت من هەمووی پێکەوە قازانج دەکەم و، لایەنێکی دیکە هەمووی پێکەوە زەرەرمەند دەبێت کە هەندێک جێگامان هەیە کوردی تێدا نەماوە کە باسی راپرسییشی بۆ دەکەین، راپرسی لەسەر ئیدارەکردنە نەک لەسەر خاکی کوردستان. جارێکی دیکە (ئادەمیش) بگەڕێتەوە و کەونێکی دیکەیش دروست بێت، ئەو ناوچانە کوردستانین و هیچ مەجالی تێدا نییە، بەڵام کە بێیتە راپرسیەوە و بڵێی ئەمە خەڵک دەنگی بۆ دەدات یان دەنگی بۆ نادات. ئەگەر کورد نەبێت لەو شوێنە خەڵک دەنگی بۆ نادات و هەندێک جێگایش هەیە بەدەستی کورد نایەت، ئەم بابەتە لە 2007ـەوە گفتوگۆیەکی تەواومان کردبوو و پلانی تەواومان هەیە و پێویست ناکات هیچ لایەنێک خۆی بکاتە تەرەف لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکانیش گفتوگۆی زۆرمان کردووە."
بەکر ئیبراهیم




