٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زۆر گرینگە ئاشتی هەورامییشیان لەگەڵدا بێت.. شاندی هەرێم لەسەر پرسی نەوت و گاز دەچنە بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بەشێك لە گرفتەكانی هەولێر و بەغدا چارە كراون، بەڵام ئەوەی زۆر گرینگە بە لای كوردەوە پەسەندكردنی كۆمەڵێك پڕۆژەیاسایە كە گرفتەكان لە ڕیشەوە چارە دەكات.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق(ئەشواق جاف) بە KDP.infoـی ڕاگەیاند "ئێمە وەك هەرێمی كوردستان پێمان وا بووە دەبێت زوو گرفتەكانی هەولێر و بەغدا چارە بكرێن؛ ئەگەرچی دۆسیەی زۆر ماون چارە بكرێن، بەڵام جارێ بابەتی پێشمەرگە و بابەتی نەوت چارە کراون، ئاخر زۆر زەروور بوون  و، لە سەردانی شاندی یەكەمی هەرێم چارە كران، بەڵام هەندێك دۆسیە پێویستیان بە دانانی یاسایە؛ ئێمە وەك هەرێمی كوردستان داوا دەكەین یاسای نەوت و گاز پەسەند بكرێت، چونكە نەبوونی یاسایەك بۆ ئەو بابەتە وا دەكات حكوومەتی ناوەندی ئەو دۆسیەیە وەك كارتی سیاسی لە دژی هەرێمی كوردستان بە كار بهێنێت."

گوتیشی: "ئێمە بە بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە كردووەتەوە بەپێی ماددەی 111 و 112ـی دەستووری عێراق یاسای نەوت و گاز پەسەند بكرێت، بۆیە پێویستە ئەو شاندە جاری پێشووتر چووە بەغدا بەردەوام بن لە سەردانەكانیان، چونكە كۆمەڵێك دۆسیەی دیكە ماوە وەك هێزی پێشمەرگە و ماف و ئیمتیازاتەكانی هەروەها بابەتی ماددەی 140 و، كۆمەڵێك پرسی دیكە، چونكە لە كارنامەی (عەبادی) ئاماژە بەوە كراوە گوایە پرسی پێشمەرگە لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی چارە دەكرێت، بەڵام ئێمە دەڵێین دەبێت پێشمەرگە وەك دامەزراوەیەكی فەرمی و، دەستووری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و، ناوی وەك هێزێكی نیزامی هاتووە نەك وەك میلیشیا و شتی دیكە، بۆیە دەبێت بەپێی یاسا ڕێك بخرێت."
(ئەشواق جاف) زیاتر گوتی: "(مالیكی) لە خولی ڕابردوودا ئەو مافەی لە پەرلەمان سەندەوە كە ڕەشنووس ئامادە بكرێت، بەڵام ئێستا نابێت بەو 500 ملیۆن دۆلارەوە بوەستین کە بەغدا بۆمانی دەنێرێت؛ دەبێت ڕەشنووسی خۆمان هەبێت، چونكە كات لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە بۆیە دەبێت یاساكانی پەرلەمان پەسەند بكرێت."
ئەوەشی خستەڕوو، کە زۆر گرینگە شاندی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی (د. ئاشتی هەورامی) سەردانی بەغدا بكەن، بەڵام لەگەڵ شاندێكی پسپۆڕ لە بواری نەوت و بەندە دەستوورییەكانیان لەگەڵدا بێت، بە تایبەتی بۆ شیكردنەوەی ماددەی 112 و 111 و، دەبێت ئەو شاندە پێك بهێنرێت و، بچێتە بەغدا."

کارزان هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار