لیژنەیەك بە پڕۆژەدەستووردا دەچێتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسایەك ئامادە كراوە بۆ پێداچوونەوە بە دەستووری هەرێمی كوردستاندا، هەتا بۆ ڕاپرسی ئامادەی بكەن.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد (مەردان زێباری) بە KDP.INFOـی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیاسایەك ئامادە كراوە بۆ پێداچوونە بە پڕۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان، تا ئەو لیژنەیە دەستوور ئامادە بكات بۆ ڕاپرسی. بڕیاریش وایە، سبەینێ پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە بكات."
(مەردان زێباری) گوتیشی: "بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە لیژنەیەك دروست دەكرێت كە ڕەنگە لە21 ئەندام بێت و، پەرلەمانتار و غەیرەپەرلەمانتاریشی تێدا دەبێت؛ ئەو کەسانە بە دەستووری هەرێمدا دەچنەوە و، بڕیار دەدات چ ماددەیەك هەموار بكرێتەوە و، چ گۆڕانكارییەك بكرێت لەو پڕۆژەی دەستووردا."
(زێباری) گوتیشی: "پێویستە ئەو لیژنەیە بە 90 ڕۆژ دەستوور بۆ ڕاپرسی ئامادە بكات؛ پاشان سەرۆكایەتیی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان، ڕۆژێك بۆ ڕاپرسییەکە دیاری دەكەن. هەڵبەت جارێ پڕۆژەیاسایە و، ڕەنگە پەرلەمان گۆڕانكاریی تێدا بکات، چونكە سبەی تەنها خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت."
بڵند ئیبراهیم




