پێش كۆتایی ساڵ بوودجە ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێـت و ڕێككەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدایشی تێدا جێگیر كراوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارە پێش كۆتاییهاتنی ئەم مانگە بوودجە ڕەوانە پەرلەمان بكرێت و، رێكەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدایشی تێدا جێگیر كراوە.
ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق (نەجیبە نەجیب) بە ماڵپەری فەرمیی پارتییدیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ وەكو لیژنەی دارایی سەردانی وەزیری داراییمان كرد و باسی لەوە كرد كە ئەم حەفتەیە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن و، پێش كۆتاییی ساڵیش ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاساكە پەسەند دەكات و، رەوانەی پەرلەمانی دەكات."
(نەجیبە نەجیب) گوتیشی: "هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كرا جگە لە نەوت چۆن داهاتی عێراق زیاد بكەن و، هەوڵ دەدرێت قەرزی ئەمساڵی كوێت نەدرێتەوە كە دواقیستە و، نزیكەی 26ملیار دۆلارە؛ چەند هەوڵێكی دیكە دەدرێن لەوانە 50%ـی پارەی یەدەكی بانكی ڕافیدەین و، ڕەشید بەكار بهێندرێت و، خەرجی كەم بكرێتە و، باج و داهاتانەیش زیاد بكرێت."
گوتیشی: "ڕێكکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا سوودی زۆری بۆ زیادبوونی داهاتی عێراق هەبووە، هەر بۆیە ئەو ڕێكکەوتنە لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا جێگیر كراوە و، بەشەبوودجەی هەرێمیش 17%ـە؛ ڕاستییەکەی كەمیشە، چونكە ئێستا هەرێم ئاوارەیەکی زۆری لە خۆ گرتووە و، ئەوانیش خەرجیان قورسە."
بڵند ئیبراهیم




